
یاریگا –
سەرهەنگ موحسین گەڕاوەتەوە هەولێر و لەگەڵ برایەتی راهێنانی کرد، لەکاتێکدا دەنگۆ هەیە ئەو گۆڵپارێزە کوردە ریزەکانی یانەی نەجەف بەجێبهێڵێت.
دوێنێ دووشەممە (28ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی نێوداری کورد چەند وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە، لە هەولێر لەگەڵ یانەی برایەتی راهێنان دەکات، لەکاتێکدا رۆژی پێنجشەممە نەجەف یانەکەی سەرهەنگ لە خولی ئەستیڕەکانی عێراق دەبێتە میوانی زاخۆ.
بەهۆی ئەوەی یانەی نەجەف تووشی قەیرانی دارایی بووە و چوار مانگە مووچەی یاریزانەکانی نەداوە، دەنگۆ هەیە سەرهەنگ موحسین ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سەرهەنگ موحسین زیاتر لە مانەوەی لە نەجەف نزیکە نەوەک رۆیشتنی لە یانەکە، گەرچی هێشتا ٪100 مانەوەی گۆڵپارێزە کوردەکە لە یانەکەی مسۆگەر نییە کە رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەرگای بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق دادەخرێت، بەڵام بەڵێنی پێدانی شایستە داراییەکان بە یاریزانانی نەجەف دراوە و سەرهەنگ مانەوەی لە نەجەف پێباشترە، ئەگەر دۆخی دارایی یانەکە جێگیر بێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سەرهەنگ موحسین لە هەولێر بووە، بۆ ئەوەی پێشوازیی لە سوفیان مۆدن یاریزانی مەغریبی نوێی یانەکەی بکات، کە دوێنێ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، سەرهەنگ و یاریزانە نوێیەکەی نەجەف ئەمڕۆ بەرەو زاخۆ بەڕێدەکەون و رۆژی پێنجشەممە لە یاریی بەرامبەر زاخۆ ئامادە دەبن.