بەدواداچوونی یاریگا؛ لەبەرئەوەی گەنجینەی یانەکە بەتاڵە هەولێر لە کڕین و بەڕێکردنی یاریزان پەکی کەوتووە
یاریگا –
لەبەرئەوەی گەنجینەی یانەکە بەتاڵە، یانەی هەولێر لە کڕین و بەڕێکردنی یاریزان پەکی کەوتووە، لەکاتێکدا تەنیا رۆژ ماوە دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان دابخرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، گەنجینەی یانەی هەولێر بەتاڵە، بۆیە یانەکە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێک پەکی کەوتووە و ناشتوانێت هیچ یاریزانێکی نوێ هەروا بە ئاسانی یەکلا بکاتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی محەمەد موحسین و بیلال عیفە هیچ پارەیەکی نەداوە، محەمەد موحسین لەسەر داوای خۆی لە یانەکە رۆیشت و بیلال عیفەش رەتیکردووەتەوە لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانی فشار لە یانەی هەولێر بکات، کە بەگوێرەی گرێبەستی یاریزانان لە عێراق، هەرکاتێک یانەیەک بیەوێت لە ناوەڕاستی وەرز گرێبەستی یاریزانێکی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت مووچەی دوو مانگی پێبدات.
یانەی هەولێر لەگەڵ رێبین سولاقا و رێوان ئەمین و ئەحمەد موحسین گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی بیانگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام یانەکە بەهۆی نەبوونی پارە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان وەستاوە، لەکاتێکدا رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق دادەخرێت.
گەنجینەی یانەی هەولێر هێندە بەتاڵە، یانەکە لە دابینکردنی خەرجی گەشتەکانی بۆ یارییەکانی دەرەوە کێشەی بۆ دروستبووە، بۆیە شاندی یانەکە بۆ یاریی داهاتووی بەرامبەر نەفت درەنگی شەو گەشتی کرد، تاوەکو خەرجییەکانی ئەو گەشتەیان کەمتر بێت.
یانەی هەولێر لەبەر ئەوەی قەیرانی دارایی هەیە، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گرێبەستی کۆڵن ئاندێرسن هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا سەمیر بابۆ گڵۆپی سەوزی هەڵکردووە بۆ ئەوەی لە یانەکە بەڕێبکرێت، بەڵام یانەکەی قەڵاومنارە ناتوانێت شایستە داراییەکانی ئەو یاریزان بدات بۆیە نەیتوانیوە بەڕێیبکات، کە مووچەی مانگانەی ئەو هێرشبەرە جامایکییە 6 هەزار دۆلارە.
سبەی سێشەممە هەولێر لە گەڕی حەڤدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە میوانی نەفت، کە هەولێر بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی حەفتەمی خولەکە دێت.