یاریگا –
سەرۆکی یانەی سەیدسادق هۆکاری گۆڕینی پێنج راهێنەری یانەکەی ئاشکرا دەکات، کە لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە 14 یاری پێنج راهێنەر لە سەیدسادق کاریان کردووە.
تەیوب حاجی رەشید، سەرۆکی یانەی سەیدسادق لەبارەی هۆکاری زۆری گۆڕینی راهێنەرانی یانەکەی، لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیانەوە خۆمان دوور راهێنەرمان دوورخستەوە، سێ راهێنەرەکەی دیکەش لەسەر ویستی خۆیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئێمە پابەندی هەموو ئەو بەڵێنانە بووین بەرامبەریان کە پێمان دابوون’.
هەروەها دەشڵێت :’ئەحمەد سەبری بە مووچەی مانگانەی دوو ملیۆن و نیو دینار گرێبەستی لەگەڵمان واژۆ کرد، کەچی دویا یارییەکەی چوارقوڕنە بە تەلفۆنێک یانەکەمانی بەجێهێشت و بووە راهێنەری یانەی عەلەم’.
هەروەها سەرۆکی یانەی سەیدسادق لەبارەی دۆخی دارایی یانەکەیان دەڵێت :’دۆخی دارایی یانەکەمان لەم وەرزە لە یەکەم رۆژ چۆن بووە، ئێستاش هەروایە، هیچ کەسێک هاوکاری نەکردووین و خۆمان یانەکە بەڕێوە دەبەین، دەمانەوێت بۆ قۆناخی دووەم راهێنەرێک بهێنین یانەکەمان لەم دۆخە رزگار بکات، ئێمە تەنیا سێ رۆژ پێش دەستپێکی وەرزی نوێ دەستمان بە ئامادەکاریی کردووە، سەرەڕای ئەم دۆخە باش یاریی دەکەین، بەڵام ئەنجامەکانمان باش نییە’.
سەرۆکی یانەی سەیدسادق دەشڵێت :’لە دوایین یاریمان بەرامبەر ئاکرێ لە قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان لە گێمی دووەم یانەکەمان تەواو باڵا دەست بوو، یەک گۆڵی بوو لەسەر گۆڵی ئاکرێ، بەڵام ئەوان لە یەک هەلدا گۆڵیان کرد’.
سەیدسادق لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە قۆناخی یەکەمی خولەکە لەکۆی 14 یاری نەیتوانی هیچ بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت، تاکە یانەیە لەم وەرزە نەیتوانیوە تامی سەرکەوتن بکات، بە کۆکردنەوەی 5 خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندیی خولەکە دێت و پلەی پازدەمی گرتووە.