گریلیش بڕیاری کۆتاییدەدات و چەند یانەیەکی گەورە چاودێری دەکەن
گریلیش یەکێکە لە خراپترینەکانی ئەم وەرزەی مانچێستەر سیتی
یاریگا –
جاک گریلیش خەریکە شوێنی لە مانچێستەر سیتی ‘لەق’ دەبێت و بەدوای جێگرەوە دەگەڕێت.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن پێپ گواردیۆلا و پشتبەستنی زیاتر بە ساڤینیۆی بەڕازیلی، خەریکە گریلیش بەجیدی بیر لە جێهێشتنی قەڵای ئیتیحاد دەکاتەوە.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، گریلیش تاوەکو هاوینی داهاتوو چاوەڕێی بڕیارەکانی گواردیۆلا دەکات، ئەگەر هاوکێشەکە نەگۆڕێت، ئەوا واز لە یانەکە دەهێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە بێت، چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی گریلیش لە مان سیتی دەکەن.
یانەکانی ئینتەر میلان و بۆڕووسیا دۆرتموند، لە تەواوی یانەکانی دیکە بۆ گواستنەوەی گریلیش جیدیترن. هەرچەندە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، تۆتنهام هۆتسپێر و نیوکاسڵ یونایتد، پێشتر گرنگی خۆیان بە یاریزانەکە پیشانداوە، بەڵام ئێستا ئینتەر و دۆرتموند نزکترینن.
گریلیش لە کۆی 20 یاریی ئەم وەرزەی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان، تەنیا لە 11 یاریدا سەرەکیبووە و خاوەنی یەک گۆڵ و چوار ئەسیستە.
تاکە گۆڵی گریلیش لەم وەرزەدا بە لێدانی سزا بوو بەرامبەر سالفۆردی بەشدار لە خولی پلەسێ.