یاریگا –
نەورۆز لە یاریگای خۆی بە 10 یاریزان لە کەرخی بردەوە و چوار پلە هاتە پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
لە گەڕی 14ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لە یاریگای خۆی 1 _ 0 لە کەرخی بردەوە، لەم یارییەدا نەورۆز لە خولەکی 60ـەوە بە 10 یاریزان یارییەکەی تەواو کرد دوای کرانە دەرەوەی محەمەد دلاوەری کاپتنی تیپەکە بە کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە.
قەحتان جەسیر راهێنەری سوور پۆشەکانی سلێمانی دوای تەواو بوونی یارییەکە لە سەر ئاست و ئەنجامی تیپەکەی گوتی:
هەرچەندە بە یاریزانێک کەمتر یارییەکەمان تەواو کرد، بەڵام بەدرێژایی یارییەکە ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، ئەمڕۆ پێنج یاریزانی نوێ کە لە گواستنەوەی زستانە گرێبەستمان لەگەڵ کردوون بەشداری یارییەکەیان کرد، هەر چەندە یاریزانەکان تەواو ئامادە نەبوون و بەشێکیشیان مەشقیان لەگەڵ تیپەکە نەکردووە، سوپاسی یاریزانەکان دەکەم ئەوەی لە توانایان بوو پێشکەشیان کرد، پیرۆزبایی لە هاندەرانمان دەکەین و هەوڵدەدەین زیاتر بەرەو پلەکانی پێشەوە هەنگاو بنێین دوای ئەوەی لە سەرەتادا تیپەکە تووشی بێ ئەنجامی بووبوون.
نەورۆز سێیەم سەرکەوتنە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دەستی دەهێنێت لە کۆی چوار یاریی لە سەر دەستی راهێنەری تازەی تیپەکە، یارییەکی جامی عێراقیشی بڕدۆتەوە و لە قۆناخی 16ـەی پاڵەوانێتیەکەیە.
بەم سەرکەوتنەی نەورۆز چوار خانە هاتە پێشەوەی ریزبەندی و ئێستا بە 17 خاڵ لە ریزبەندی 13ـەم دێت، گەڕی داهاتووش لە بەغدا دەبێتە میوانی نەفت.