یاریگا –
ئەمڕۆ یانەی بارسێلۆنا بەفەرمی بەڵگەنامەکانی بۆ تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و ڤیکتۆر پێشکەشی ئەنجوومەنی باڵاوی وەرزشی ئیسپانیا کرد و یانە کەتەلۆنییەکە گەشبینە داوایەکەی قبووڵ بکرێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە یانەی بارسێلۆنا بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە پێویستەکانی پێشکەشی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا کردووە و داواکارییەکەی وەکو داواکارییەکی بەپەلە و لەناکاو پێشکەش کردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەی کەمتر لە پێنج رۆژ وەڵامی داواکارییەکەی بدرێتەوە.
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، بەرپرسانی بارسێلۆنا گەشبینن تاوەکو سبەی شەو ئەنجوومەنی باڵای وەرزش بە ئەرێنی وەڵامیان بداتەوە و بتوانن ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە یاریی پێش کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بلباو بەشداریی بکەن، کە سبەی کاتژمێر 22:00 یارییەکە لە سعوودیە بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئیسپانیا، بەشی یاسایی ئەنجوومەنی باڵای وەرزش دەستی بە لێکۆڵینەوە و وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی بارسێلۆنا کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی پێنج رۆژدا وەڵامی کۆتایی بارسا بدەنەوە، کە ئەگەر ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی داوایەکەی بلاوگرانا رەتبکاتەوە، ئەوا یانە کەتەلۆنییەکە بەنیازە پەنا بباتە بەر دادگای باڵای وەرزش، بۆ ئەوەی ناوی ئەو دوو یاریزانە پێش یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا تۆمار بکات.