یاریگا –
محەمەد سەڵاح پێی وایە ئەم وەرزە تەواو جیاوازە و هیوای بەدیهێنانی خەونێکی گەورەیە.
لەم وەرزەدا سەڵاح، ئەستێرەی یەکەمی لیڤەرپوولە و شەوی رابردوو، گۆڵێکی لە لێستەر سیتی کرد و رێدز 3-1 یارییەکەی بردەوە. لە دوای یارییەکە ئەستێرە 32 ساڵییەکە جەختیکردەوە، هێشتا رێگەیەکی دووریان لەپێشە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت، نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێنن دەبێ خاکەڕابن.
سەڵاح بە ئەمازۆن پڕایمی گوت
گرنگترین شت ئەوەیە، تیمەکەمان یاریی دەباتەوە، هیوادارم پرێمەرلیگ بەدەستبهێنین. بە کاتێکی گەورەدا تێدەپەڕین و سەرنجمان یاریی دوای یارییە و هیوادارم بەمشێوەیە بەردەوام بین. هەست دەکەم ئەمساڵ جیاوازە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بە خاکەڕایی بمێنینەوە. ئەمجارە زۆر تایبەتە و هیوادارم پرێمەرلیگ بەدەستبهێنین، چونکە ئەمە شتێکە خەونی پێوە دەبینم.
لیڤەرپوول بە جیاوازی حەوت خاڵ و یارییەک کەمتر، لە پێشەنگی پرێمەرلیگدایە. سەڵاح لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا، هیچ شتێکی فەرمی لەبارەی گرێبەستەکەی ئاشکرا نەکراوە.
یاریی داهاتووی لیڤەرپوول بەرامبەر وێستهامە لە لەندەن و سەڵاح بە 16 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی پرێمەرلیگی گرتووە.