تەواو؛ ریال مەدرید لەگەڵ بەرگریکارێک گەیشتە رێککەوتن
یاریگا –
ریال مەدرید لەگەڵ بەرگریکارێکی لاوی یانەی لیگانێس گەیشتە رێککەوتن، پەیوەندی بە ریزەکانی مێرەنگی دەکات.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆ و فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایان کردووە، ریال مەدرید لەگەڵ لامینی فاتی بەرگریکاری لاوی یانەی لیگانیس گەیشتووەتە رێککەوتن، ئەو بەرگریکارە 18 ساڵانە بەرامبەر 100 هەزار یۆرۆ دەچێتە ریزەکانی لۆس بلانکۆس، کە بە یەکێک لە بەهرەمەندەکانی ئیسپانیا دادەنرێت.
لامینی فاتی پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کاستییا دەکات بۆ ئەوەی پێبگات و لە داهاتوو بۆ تیپی یەکەمی ریال مەدرید سەربخرێت.
ریلیڤۆ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لەوەتەی هاوینی رابردوو چاودێری ئەو بەرگریکارە لاوە دەکات کە لە تیپی دووەمی لیگانێس یاریی دەکات، هاوینی رابردوو کاتێک لە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ریال مەدرید کاستییا یاریی کردبوو، سەرنجی یانە مەدریدییەکەی راکێشابوو.
فاتی کە هاوینی رابردوو نزیکبوو بچێتە ریزەکانی ڤالێنسیا، لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات، کە لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوو ببێتە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکان.