کەناڵی ریال مەدرید هێرشێکی توند دەکاتە سەر لالیگا و بە ‘خولە پیسەکەی نیگرێرا’ ناوی دەبات
ناوبژیوانی یارییەکە بە هەژمار نەکردنی دوو لێدانی سزا تۆمەتبار دەکات
یاریگا –
کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ هێرشێکی توندی کردە سەر لالیگا و خولەکەی بە ‘خولە پیسەکەی نیگرێرا’ ناوبرد.
پێشکەشکاری کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید لە ستۆدیۆی دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ گوتی :’جارێکی دیکە ناوبژیوان زۆر خراپ بوو، دوو لێدانی سزای روون و ئاشکرای هەژمار نەکرد، یەکەمیان کاتێک پاڵ بە ئاردا گولەر نرا، دووەمیان کاتێک بوو لێدانی سزا بۆ ڤینیسیوس هەژمار نەکرا’.
هەروەها پێشکەشکارەکەی کەناڵەکەی ریال مەدرید گوتیشی :’پێش ئەو دیمەنەی ڤینیسیۆوس، لە هێرشێکی پێچەوانەدا کاتێک یاریزانێکی رایۆ ڤاییکانۆ ڤینیسیوسی گرت، ڤینی داوایکرد کارتی زەرد بە یاریزانەکە بدرێت، پێشبینی دەکەن مارتینێز مونوێرا ناوبژیوانی یارییەکە کارتی بە کامە یاریزان دابێت؟ بەڵێ بێگومان بە ڤینیسیوسی دا، بەمهۆیەوە ڤینی لە یاریی داهاتوو بەرامبەر سێڤییا بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانی بێبەش دەبێت’.
هەروەها پێشکەشکارەکە گوتیشی :’ئێمە باسی خولە پیشەکەی نیگرێرا دەکەین، باسی ئەو خولە رەشە دەکەین کە ریال مەدرید جارێکی دیکە تیایدا دەناڵێنێت، ئایا هیچ شتێک هەیە بۆ ئەوەی باشتری بکەین؟ نەخێر، بەڵام لالیگا خولە پیسەکەی نیگرێرایە و پێویست ناکات باسی تۆپی پێ بکەین، پێویستە راستییەکە بڵێین کە ریال مەدرید هەمیشە لە لالیگا ستەمی لێدەکرێت و هەمیشە قوربانییە، دوو خاڵی گرنگی لە کێبڕکێی لالیگا لەدەست دا’.
ریال مەدرید لە گەڕی حەڤدەمی لالیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆی 3-3 لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ یەکسان بوو، نەیتوانی بێتە پێشەنگی لالیگا، بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی دووەمی خولەکە دێت و بارسێلۆناش بە 38 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە دێت.
ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید: لێدانێکی سزا بۆ ڤینیسیوس جونیۆر هەژمار نەکرا
ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید لەبارەی یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ نووسیویەتی :’لە خولەکی 75 وروژێنەترین و پڕمشتومڕترین رووداوی یارییەکە روویدا، کاتێک ڤینی لەلایەن موئمینەوە لەناو ناوچەی سزا خرایە خوارەوە، کەچی مارتینێز مونوێرا ناوبژیوانی یارییەکە نەیکردە لێدانی سزا گۆنزالێس فوێرتس ناوبژیونای ڤاریش ئاگاداری نەکردەوە و هیچ بڕیارێکی نەبوو’.