یاریگا –
یانەی برایتنی ئینگلیزی چووەتە نێو ئارێشەیەکی یاسایی لەگەڵ یانەیەکی کرواتی بەهۆی وێکچوونی لۆگۆی سەرەکی یانەکە.
برایتن کە بە نەورەسەکانی ئینگلتەراش ناوزەد دەکرێن، بە لۆگۆ تایبەتەکەی خۆیاندا دەناسرێنەوە کە نەورەسێکە و باکگراوندەکەی شینە و یەکەمین جار لە ساڵی 1977 بوو بە لۆگۆی فەرمی یانەکە کاتێک پێشتر بە دۆلفینەکان ناودەبران.
بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننکەکراو، تازە چوونەتە کێشەیەکی یاسایی لەگەڵ یانەی NK Jardan Galebی پلە سێی کرواتی لەسەر کۆپیکردنەوەی لۆگۆکەیان لەکاتێکدا ماوەی 23 ساڵه ئەو یانە کرواتیە دامەزراوە و ئەو لۆگۆیەش بەکار دەهێنن.
ئەوەی بابەتەکەی نامۆتر دەرخستووە، وەک رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، برایتن کاتێک بەمەی زانیوە کە ئەندامێکی یانەی جادران سەردانی ئۆفیسەکانی یانە ئینگلیزیەکەی کردووە و ئەوەی درکاندووە کە لۆگۆکانیان لەیەک دەچن. هەر بۆیە دەستبەجێ برایتن پەیامێکی هۆشداریی بۆ لایەنی کرواتی دەنێرن و داوای گۆڕینی لۆگۆکە دەکەن و هەڕەشی سکاڵای یاساییش دەکەن بەهۆی پێشێلکردنی مافی کۆپیڕایت/لەبەرگرتنەوە.
دەیلی مەیڵ نووسیوشیەتی کە جادران داواکەی برایتنی قەبووڵکردووە. یەکێتی تۆپی پێی کرواتیاش لای خۆیانەوە لۆگۆکەیان لە پێگەی فەرمی خۆیان سڕیوەتەوە. بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لۆگۆکە هێشتا له سەر پەیجی فەرمی جادران ماوە.