ئەستێرەی یاریگا؛ عەلی کاروان باشترین یاریزانی گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان بوو
بە گۆڵێک و ئەسیستێک یەکەم بردنەوەی بۆ هەولێر بەدەستهێنا
یاریگا –
عەلی کاروان هێرشبەری هەولێر ئەستێرەی گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان بوو، کە تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین یاریزانی هەر گەڕێکی خولەکە دەستنیشان دەکات.
عەلی کاروان هێرشبەری یانەی هەولێر لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان یەکەم بردنەوەی لەم وەرزە بۆ یانەکەی قەڵاومنارە بەدەستهێنا، لە دەرەوەی یاریگای خۆیان 2-0 لە دەربەندیخانیان بردەوە، کە عەلی کاروان لە کاتی زیادکراوی یارییەکە لە خولەکەکانی 93 و 95 گۆڵێک و ئەسیستێکی کرد.
هەولێر پێش یارییەکەی دەربەندیخان لەکۆی پێنج یاری تەنیا خاڵێکی بەدەستهێنابوو، یەکسانبوونێک و چوار دۆڕانی تۆمارکردبوو، بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی چوار خاڵ و هاتە پلەی دوازدەمی خولەکە.
لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان، لەکۆی 7 یاری 14 گۆڵ تۆمارکران واتە دوو گۆڵ لە هەر یارییەک کران، کە سێ گۆڵیان بە لێدانی سزا بوون، هەولێر و شەقڵاوە یەکەم بردنەوەیان لەم وەرزە بەدەستهێنا.