رێککەوتنی فیفا و DAZN: لە کوردستان چۆن سەیری مۆندیالی یانەکانی 2025 بکەین؟
خزمەتگوزاری دازن مافی گواستنەوەی تەواوی یارییەکانی بەدەستهێناوە
یاریگا –
فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ لەگەڵ میدیایەکی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی مۆندیالی یانەکانی ساڵی 2025 لە ویلایەتە یەکگرتووەکان رێککەوت.
فیفا لەگەڵ خزمەتگوزاری ستریمینگی دازن ‘DAZN’ی بەریتانی رێککەوت و هەر 63 یارییەکەی مۆندیالی یانەکان بەخۆڕایی بۆ بەشداربووانی پلاتفۆڕمەکە دەگوازرێتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فیفا بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە، بەهای گرێبەستی نێوان فیفا و دازن گەیشتووەتە یەک ملیار دۆلار، بەڵام سەرباری ئەمەش، هیچ زیادەیەک ناخرێتەسەر گواستنەوەی یارییەکان و بەشداربووانی دازن، دەتوانن یارییەکان ببینن.
هەرچەندە گفتوگۆی نێوان فیفا و کۆمپانیای ئەپڵ بۆ گواستنەوەی پاڵەوانیەتییەکە دەستیپێکردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا فیفا لەگەڵ دازن رێککەوت.
View this post on Instagram
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان فیفا و دازن، پلاتفۆڕمە بەریتانییەکە دەتوانێت مافی گواستنەوەی یارییەکان بفرۆشێتە کەناڵی ناوخۆیی یاخود ئەو کەناڵ و پلاتفۆڕمانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، گروپی میدیایی بی ئین سپۆرتسی قەتەڕی، مافی گواستنەوەی یارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەدەستدەهێنێت.
مۆندیالی یانەکان لە 15ی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو دەستپێدەکات و یاریی کردنەوە لە یاریگای هاڕد رۆک لە مەیامی دەکرێت و یاریی کۆتاییش لە 13ی یۆلیۆ/تەمووز لە یاریگای مێتڵایف لە نیویۆرک دەکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 21:00 بەکاتی هەولێر، تیروپشکی پاڵەوانیەتییەکە لە مەیامی رابکێشرێت.