یاریگا –
ئاڵفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری بایرن میونشن بۆ ماوەی یەک مانگ ناتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت.
دەیڤز بەهۆی خواردنەوەی کحوول زیاد لە رێژەی پێویست، لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا سزادراوە و ناتوانێت شۆفێری بکاتەوە.
رۆژنامەی بیڵد بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 2:00ی بەرەبەیانی هەینی، دەیڤز بە ئۆتۆمبێلی لامبۆرگینی ئوروس شۆفێری کردووە و لە کاتی وەستاندنی لەلایەن پۆلیسەوە، ناچارکراوە فوو لە ئامێری دەستنیشانکردنی رێژەی کحوول لە جەستەدا بکات و دەرکەوتووە، رێژەی کحوول لە جەستەی ئەستێرە کەنەدییەکە بریتییبووە لە 0.6، ئەمەش زیاترە لە رێژەی رێگەپێدراو.
بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا، ئەم رێژەیە ناچێتە چوارچێوەی تاوان، تەنیا بۆ ماوەی مانگێک ناتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت و بەبڕی 500 یۆرۆش سزادەدرێت.
رووداوەکە چەند رۆژێک بەر لە یاریی کلاسیکەر بەرامبەر دۆرتموند دێت، سەرەڕای رووداوەکە، دەیڤز هەینی مەشقەکانی لەگەڵ هاوتیمەکانی کرد و لە یانەکەدا، رووبەڕووی هیچ لێپرسینەوەیەک نەبووەتەوە.
میونشن تاکە یانەیە لەم وەرزەی بۆندسلیگا نەدۆڕاوە و تەنیا لە دوو یاریدا یەکسانبووە.