یاریگا –
ئوسامە رەشید لەگەڵ هەولێر گەشتی نەکردووە و هێشتا بۆ یاریکردن ئامادە نییە، لە دوو یاریی داهاتووی هەولێر بێبەش دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر لەگەڵ شاندی یانەکەی بۆ هەردوو یاریی نەفتی میسان و مینا گەشتی نەکردووە، هێشتا بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادە نییە و لە هەولێر ماوەتەوە، بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.
ئوسامە نزیکەی دوو مانگە لە یاریکردن دابڕاوە، رۆژی 5ـی مانگی رابردوو لە یاریی بەرامبەر زەوڕا تووشی پێکان بوو، لە پێنج یاریی رابردووی یانەکەی قەڵاومنارە بێبەش بووە، لە دوو یاریی داهاتووش بێبەش دەبێت و لە هەولێر خەریکی وەرگرتنی چارەسەر و مەشق و راهێنانی سووکە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە.
ئوسامە کە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە ڤیزێلای پۆرتوگاڵییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی هەولێر کرد، لە یاریی بەرامبەر زەوڕا لە رانی تووشی کرژبوونی ماسوڵکەکانی بووە، جگە لە یارییەکانی هەولێر لە دوایین چوار یاریی هەڵبژاردەی عێراقیش بێبەش بوو.
ناوەڕاستکارە 32 ساڵانەکە دوای ئەوەی تووشی پێکانەکەی بوو، گەڕایەوە پۆرتوگاڵ بۆ ئەوەی چارەسەری پێکانەکەی وەربگرێت، ئینجا گەڕایەوە هەولێر.