یاریگا –
فلۆرێنتینۆ پێرێز هێرشی توند دەکاتە سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و ستایشی رۆدری دەکات و دەڵێت ‘شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بوو’.
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەمیانی وتارەکەی لە کۆنگرەی ساڵانەی دەستەی گشتی ریال مەدرید، لەبارەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ دەڵێت :’بەدڵنیاییەوە رۆدری یاریزانێکی گەورەیە و خەڵکی مەدریدە، سۆز و خۆشەویستی ئێمەی هەیە، شایستەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بوو، بەڵام ساڵی رابردوو نەک ئەمساڵ’.
هەروەها دەشڵێت :’بەگوێرەی هەموو پێوەر و پێودانگێک باڵۆن دۆری ئەمساڵ شایستەی یاریزانێکی ریال مەدرید بوو، ئەگەر ڤینیسیۆس نەبووایە، شایستەی کارڤاخال یان بێڵینگهام بوو، نازانم چۆنتان بۆ روون بکەمەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەڵێت هیچ دەستوەردانێکیان لە دەستنیشانکردنی براوەی باڵۆن دۆر نەکردووە، بەڵام ئەوان دەستکاریی سیستەمەکەیان کرد، دەنگدانیان لە 5 یاریزانەوە بۆ 10 یاریزان زیاد کرد، ژمارەی خاڵەکانیان لە 6 خاڵ بۆ 15 خاڵ بەرزکردەوە، وڵاتێکی وەکو هیند بەو ژمارەی زۆرەی دانیشتووان ناتوانێت دەنگ بدات، بەڵام هەندێک وڵات رۆژنامەنووسەکانیان دەنگیان داوە لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانیان ناگاتە ملیۆنێک کەس’.
سەرۆکی یانە مەدریدییەکە دەشڵێت :’من دەمەوێت پرسیارێک لە فرانس فوتبۆڵ و لیکیپ بکەم، بۆچی توانا و هەوڵی خۆیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا تێکەڵ کردووە، بە بۆچوونی من پێویستە خەڵاتی باڵۆن دۆر سەربەخۆ بێت’.
پێرێز لە پەیامێکی بۆ ڤینیسیوس جونیۆر دەڵێت :’من دەمەوێت بزانی هاندەرانی ریال مەدرید شانازی بە تۆوە دەکەن، تۆ باشترین یاریزانی جیهانی و هەموومان پێزانینمان بۆ ئەو گۆڵ و دەستکەوتانەت هەیە کە لەگەڵ یانەکەمان بەدەستت هێناون’.