یاریگا –
ئەمڕۆ لە یارییەكی لوتكەی پرێمەرلیگدا هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و تۆتنهام رووبەرووی یەک دەبنەوە.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 20:30 بە كاتی كوردستان مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری تۆتنهام بكات، لە میانی یارییەكانی گەڕی دوازدەی پرێمەرلیگ.
پڕۆفایلی یاری
مانچێستەر سیتی بە دۆخێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت بە جۆرێك چوار یارییە لە سەرجەم پاڵەوانیەتیەكاندا شكستیهێناوە.
مانچێستەر سیتی دەیەوێت كۆتایی بە دۆڕانە یەك لە دوای یەكەكان بهێنێت و رێگای بردنەوە بدۆزێتەوە و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ لیڤەرپوولی پێشەنگ كەم بكاتەوە.
پێپ گواردیۆلا كە بەم دواییانە گرێبەستەكەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی نوێكردەوە، یەكەمجارە لە كاروانی وەرزشیدا چوار یاریی لەسەر یەك تووشی دۆڕان بێت.
سیتیزن لە كۆی 11 یاری لە 7 یاری براوە بووە و دوو یاریی دۆڕاوە و دوو یاریش یەكسان بووە، بە كۆكردنەوەی 23 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی پرێمەرلیگ دێت و بە جیاوازی پێنج خاڵ لە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگەوەیە.
لە بەرامبەردا تۆتنهامیش دوو یارییە لەسەر یەك تووشی دۆڕان دەبێت بەرامبەر گاڵاتاسەرای لە یۆرۆپالیگ و بەرامبەر ئیپسویچ تاون لە پرێمەرلیگ.
سپێرز لە كۆی یازدە یاریی ئەم وەرزە تەنیا پێنج یاریی بردووەتەوە یارییەك یەكسان بووە و پێنج یاریش دۆڕاوە، بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ لە ریزبەندی دەیەمی پرێمەرلیگ دێن.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
پێپ گواردیۆلا بۆ ئەو یارییە تواناكانی هەریەك لە جاك گرێلیش، كێڤن دی برۆین، مانویێل ئاكانجی و جۆن ستۆنزی بۆ گەڕایەوە.
بۆ رووبەرووبوونەوەی تۆتنهام لە تواناكانی هەریەك لە روبن دیاز، رۆدری ، كۆڤاسیچ و ئۆسكار بۆب بێبەش دەبێت و بەشداریكردنی جێریمی دۆكو گومانی لەسەرە.
پۆستێكۆگلۆ ئامادەنەبوونی رۆمێرۆ و ڤان دی فێنی راگەیاند، هەروەها بێنتانكۆر، ریچارلیسن و ئۆدۆبێرت ناتوانن ئامادەی یارییەكە بن.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی مانچێستەر سیتی
ئێدەرسن
وۆڵكەر، ستۆنز، ئاكانجی، ڤاردیۆڵ
دی برۆین، گوندۆگان
سێلڤا، فۆدن، ساڤیۆ
هالاند
پێکهاتەی پێشبینیکراوی تۆتنهام
ڤیكاریۆ
پۆرۆ، دراگوشین، دەیڤس، یودۆگی
كۆلۆسێڤسكی، بێسووما ، سار
جۆنسن، سۆلانكێ، سۆن