یاریگا –
دوو یارییە لەدوای یەک هاندەرانی چێڵسی بۆ یەک خولەکیش جەیدن سانچۆیان نەبینیوە لەلایەن ئینزۆ مارێسکاوە بەشداریپێبکرێ، ئەوەش بوبووە جێی پرسیار و ئەمڕۆ راهێنەرەکە لەو بارەیەوە راشکاوانە قسەی خۆی کرد.
سبەی شەو کە قۆناخی 16ی کاپیتاڵ وەن چێڵسی دەبێتە میوانی نیوکاسڵ یونایتد. لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەدا راهێنەرەکەی بلووز باس لە هۆکاری یاری نەکردنی جەیدن کرد و وتی
هەر لەو کاتەوەی هاتووەتە لای ئێمە، جەیدن کاری زۆر باشی ئەنجام داوە. بە دڵنیاییەوە یاریزانەکان ناتوانن هەموو وەرزەکە هەمان ئاست پێشکەش بکەنەوە بەهۆی زۆری ژمارەی یارییەکانەوە. کۆتا دوو یارییش کە یاری نەکردووە، هیچ هۆکارێکی جیاواز بوونی نییە، تەنها بڕیاری هونەریی بووە. لەوە زیاتر نەبووە.
بە دڵنیاییەوە لە ماوەکانی داهاتوو بەشداریی یارییەکی زۆرتر دەکات و ژمارەی یارییەکان لێرە زۆر زۆرن. بۆیە بۆ ئەو تاکە شتێک لەسەریەتی ئەوەیە کۆششی زۆر بکات.
بۆ زانین، یاریزانە ئینگلیزیەکە لە کۆتا رۆژی مانگی ئاب/ئۆگەست بەخواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە نێردرایە چێڵسی. ئەوەش دوای ئەوەی لە زستانی رابردووەوە تا کۆتایی وەرزەکە هەر بە خواستن یاریی بۆ دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکرد.
سانچۆ کە لە 5 بەشداری خولی ئینگلیزیدا بۆ یانە لەندەنیەکە 3 ئەسیستی هەیە، رۆژی یەکشەممەی داهاتووش لە پرێمەرلیگ ناتوانێ بەرامبەر مانچێستەر یونایتدی یانەی یاریی بکاتەوە، ئەمەیان بەهۆی ئەو بەندەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە.