ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نسا

پاریس سانجێرمان دووەم ئۆفەری بۆ کڕینی لامین یامال پێشکەشی بارسێلۆنا کرد

ئەگەر بارسێلۆنا رازی بێت یامال دەبێتە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ

Yariga App

یاریگا –

پاریس سانجێرمان بۆ لامین یامال دووەم ئۆفەری پێشکەشی بارسێلۆنا کردووە و ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە رازی بێت، یاریزانە لاوە ئیسپانییەکە دەبێتە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان دووەم ئۆفەری پێشکەشی بارسێلۆنا کردووە بۆ ئەوەی لامین یامال یاریزانی لاوی یانە کەتەلۆنییەکە بکڕێت، لەکاتێکدا پێشتر خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە مانگی مارسی رابردوو رایگەیاندبوو ‘ئۆفەرێکیان بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ فرۆشتنی لامین یامال پێگەیشتووە و رەتیانکردووەتەوە’.

رۆژنامە ئیسپانییەکە راشیگەیاندووە، بارسێلۆنا ئامادە نییە بەهیچ شێوەیەک بیر لە فرۆشتنی لامین یامال بکاتەوە و پێشتریش لاپۆرتا دووپاتیکردبووەوە، ئەوان لە هیچ دۆخێکدا بیر لە فرۆشتنی یاریزانە 16 ساڵانەکەی یانەکەیان ناکەنەوە.

موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردووە، پاریس سانجێرمان ئۆفەرەکەی لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ 250 ملیۆن یۆرۆ زیادکردووە، چونکە بەرپرسانی یانە فڕەنسییەکە بڕوایان وایە یامال باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی لە یانەکەیان شوێنی کیلیان ئێمباپێ بگرێتەوە کە سەرەتای ئەم مانگە بەفەرمی بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کرد.

نێیمار داسێلڤا تاوەکو ئێستا گرانبەهاترین یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێدا، کە هاوینی 2017 بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە چووە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، ئەگەر بلاوگرانا بە ئۆفەرەکەی پاریس رازی بێت ریکۆردەکەی نێیمار دەشکێنێت و دەبێتە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button