عێراقکوردستان

زاخۆ ئامانجی وەرگرتنی خانەی چوارەمە و هیران ئەحمەدیش دەڵێت یاری داهاتوو دڵی هاندەرانمان خۆش دەکەین

یاریگا-

دوێنێ پێنج شەممە ( 27ـی حوزەیران / یۆنیۆی 2024 ) کۆتایی بە یارییەکانی گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق هات و دهۆکیش یەکسان بوو.

سەرەڕای دەرکردنی هەر دوو یاریزان سیابەند عەگید و رێباز رەحیم بە کارتی سوور، دهۆک بە خاڵێکی گرینک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نەفت رازی بوو کاتێک یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، دوای یاریەکەش ئەحمەد خەلەفی راهێنەری دهۆک سەبارەت بە ئەنجام و ئاستی تیپەکەی رایگەیاند:

سوپاسی هاندەران دەکەم رێگایەکی دووریان بڕی و لە یاریگا ئامادەبوون، یەکسان بوونەکەمان قبوڵە بە رەچاوکردنی کەشی پێش یارییەکە، 4 یاریزانمان بەهۆکاری جیاجیا دابڕان و لە کاتی یاریش دوو یاریزانمان بەکارتی سوور دەرکرا، بۆیە بە ئەنجامەکە رازین.

هیران ئەحمەد یاریزانی هێلی ناوەراستی دهۆک کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی دوای یاری ئامادەبوو گوتی:

هەر دوو کارتە سورەکە کاریگەری لێمان کرد و پێش یارییەکەش 4 یاریزانی سەرەکیمان بێ بەش بوون لەم یاریە، لە داهاتوودا قەرەبووی ئەم یەکسان بوونە دەکەینەوە چونکە هاندەرانمان شایستەن دڵخۆش بن.

بەم یەکسان بوونەش دهۆک بە 56 خال لە خانەی شەشەم دێت و دووشەممەی داهاتووش لە یاریگای خۆی بەرامبەر مینا یاری دەکات.

زاخۆ لە نێو یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بە دەستهێناو بە ئەنجامی 2_1 گۆڵ لە کەربەلای بردەوە، ئێستا جیاوازی نێوان نەجەف و زاخۆ تەنها یەک خاڵە و نەجەف لە خانەی چوارەمە بە 63 خاڵ و زاخۆش 62 خاڵی هەیە و لە خانەی پێنجەمە، دوای یارییەکەش یاسین میشاوی یاریدەدەری راهێنەری زاخۆ بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی:

یارییەکی زەحمەت بوو بۆ ئێمە چونکە رێگایەکی دوورمان بڕیبوو لە میسانەوە هاتینە زاخۆ و یاریزانەکانمان تووشی ماندووبوون هاتبوون، سەرکەوتنی ئەمڕۆشمان زۆر گرینگ بوو چونکە دەمانەوێ خانەی چوارەم وەربکرین و ئامانجی ئەم وەرزەمان بپێکین.

شڤان جەمیل بەرگریکاری کوردی یانەی زاخۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی دوای یاری ئامادەبوو، شڤان دەربارەی ئاست و ئەنجامی یارییەکە رایگەیاند:

بە هۆی ئاستبەرزی کەربەلا ئەرکێکی قورسمان لە پێش بوو بەڵام توانیمان تێدا سەرکەوتوو بین و سێ خاڵی یاریەکە بەدەستبهێنین،  یارییەکانی داهاتووش دەبێ سەربکەوین و دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین.

زاخۆ رۆژی یەک شەممەی داهاتوو لە یاریگای کوت رووبەرووی نەفتی وەسەت دەبێتەوە کە تاکە یانەیە تا ئێستا دابەزینی بۆ ریزی خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button