ئیسپانیا

🎥| ژوورەکەی کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید

هەمووشتێک بۆ کیلیان ئامادەیە

یاریگا –

هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی فەرمی یانەی ریال مەدرید گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی راگەیاند و بۆ ماوەی 5 وەرز گرێبەستی لەگەڵ یاریزانە فەرەنسییەکە واژۆ کردووە.

کیلیان ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، کە لە 14ـی ئەم مانگە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

هەر بەهۆی ئامادەکارییەکان ئەستێرە فەرەنسییەکە نەیتوانی شاندی هەڵبژاردەکەی جێبهێڵێت، بۆیە پێشکەشکردنی بە هاندەران لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکەوێتە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی جامی یۆرۆ.

بەڵام رۆژنامەنووسی ئیسپانی دیێگۆ مێنگوال گرتە ڤیدیۆیەکی ژوورەکەی کیلیان ئێمباپێی لە شوێنی مەشقەکانی ریال مەدرید بڵاوکردووەتەوە، دەردەکەوێت یانەکە هەر لە ئێستاوە هەمووشتێکی بۆ یاریزانەکە ئامادەکردووە.

ئێمباپێ لە ڤالدیبێباس لە ژووری ژمارە 103 دەمێنێتەوە، کە هەمان ژووری تۆنی کروسی ئەڵمانیە، ئەمەش دوای ئەوەدێت تۆنی ماڵئاوایی لە یانەکە کردووە و دوای یارییەکانی جامی یۆرۆ بەیەکجاری واز لە یاریکردن دەهێنێت.

مێرێنگی پلانی داناوە لەم هاوینە گەورەترین پێشوازی بۆ کیلیان ئێمباپێ رێکبخات، یانەکە دەیەوێت ریکۆردی پێشوازییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بشکێنێت، کە لە ساڵی 2009 زیاتر لە 85 هەزار هاندەر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشوازییان لە ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button