ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

ریال مەدرید دەیەوێت بە هەمان شێوەی کریستیانۆ رێوڕەسمی ناساندن بۆ ئێمباپێ بکات

یاریگا –

ریال مەدرید دەیەوێت بە هەمان شێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رێوڕەسمی ناساندن بۆ کیلیان ئێمباپێ بکات.

تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لە ئێستاوە دەستی بە ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەوەی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رێوڕەسمی ناساندن بۆ کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری داهاتووی یانەکە بکات، کە چاوەڕێ دەکرێت دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ گرێبەستەکەی هێرشبەرە فڕەنسییەکە رابگەیەنرێت.

تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆ راشیگەیاندووە، بەرپرسانی ریال مەدرید دەیانەوێت ئیلهام لە رێوڕەسمی ناساندنەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرن، کاتێک ساڵی 2009 وەکو یاریزانی مێرەنگی بە میدیاکان ناسێنرا.

بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوولا، وابڕیارە هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو واتە پێش دەستپێکردنی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەفەرمی گرێبەستی ئێمباپێ رابگەیەنرێت، ئینجا دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 ئەو هێرشبەرە فڕەنسییە وەکو یاریزانی نوێی لۆس بلانکۆس بە هاندەران دەناسێنرێت.

ساڵی 2009 ریال مەدرید بە ئامادەبوونی نزیکەی 85 هەزار هاندەر لەناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، کریستیانۆ رۆناڵدۆی وەکو یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند، کە یەکێک لە پڕهاندەرترین رێوڕەسمەکانی ناساندنی یاریزانانی تۆپی پێیە لە مێژوودا.

تۆڕی ریلیڤۆی ئیسپانی راشیگەیاندووە، ریال مەدرید وەکو کەرنەڤاڵێکی گەورە ئامادەکاریی بۆ رێوڕەسمی ناساندنی کیلیان دەکات، ئەگەر فڕەنسا نەگاتە قۆناخی پێش کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئەوا ریال مەدرید هەرزوو ئێمباپێ بە هاندەران و میدیاکان دەناسێنێت، یەکسەر دواتر کیلیان لەگەڵ یانە نوێیەکەی گەشتی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی بەشداریی کەمپە ئاامدەکارییەکەی ریال بکات بۆ وەرزی نوێ.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button