ئیسپانیاگرنگترین

پەیامی ماڵئاوایی چاڤی هێرناندێز

یاریگا –

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری ئیسپانی پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی چاڤی هێرناندێزی لە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی یانەكەی دوورخستەوە.

چاڤی لە وەرزی 2021/22 بوو بە راهێنەری بارسێلۆنا و لەگەڵ ئەو یانەیە توانی دوو نازناو بباتەوە.

كەمێك پێش ئێستا چاڤی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام پەیامێكی ماڵئاوایی بڵاوكردەوە:

هاوڕێكانم، رۆژی یەكشەممە كاتەكانم لەسەر كورسی یەدەگی بارسێلۆنا كۆتایی دێت، ئاسان نییە یانەی ژیانت جێبهێڵێت، بەڵام بە شانازییەكی زۆرەوە ئەوە دەكەم، دوای دوو ساڵ و نیو لە سەركردایەتی ژووری جل گۆڕین كە وەك خێزانی دووەمم بوو.

سوپاسی هاندەران دەكەم بۆ پشتگیری و خۆشەویستیان كە هەمیشە لە تەنیشتم بوون، هەمیشە هەمان ئەو خۆشەویستیەیان پێدام كە لە ماوەی یاریخانیمدا هەستم پێدەكرد، لە رۆژی یەكشەممەوە یاریزانێكی دیكە دەبم لە یاریگاكان، چ لە مۆنجویك بێت یان كامپ نۆو، پێش ئەوەی یاریزان یان راهێنەر بم هاندەری بارسێلۆنام، تەنیا باشترینم بۆ یانەی ژیانم دەوێت.

لەگەڵ كۆمەڵێك یاریزانی گەورە و ستافێكی سەرسوڕهێنەر كارم كردووە، بەهۆی هەموویانەوە گەیشتینە ئامانجە دیاریكراوەكان، وەرزی رابردوو لالیگا و جامی سوپەرمان بردەوە، ئەم وەرزە شتەكان بەوشێوەیە نەرۆیشتن كە ئێمە ویستمان، بەڵام پێكەوە یارمەتی یاریزانەكانی لاماسیامان دا.

سوپاس بۆ هەمووتان، بۆ هاندەران، یاریزانان، كارمەندان، ستافی یانەكە، دەستەی كارگێڕی، بەڕێوەبەرانی وەرزشی، میدیاكان و سەرۆك، هەموو ئەوانەی كە لە ماوەی دوو وەرز و نیوی گەشتەكەمدا هاوبەشمبوون.

هیوای باشترین بۆ ئەو یانەیە دەخوازم كە لە دڵمدا هەڵمگرتووە.

ڤیسكا بارسا.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button