ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

میکێل ئارتێتا؛ پاڵەوانە بێ نازناوەکەی ئارسێناڵ لە پرێمەرلیگ

Yariga App

یاریگا –

میکێل ئارتێتا لە ماوەی پێنج ساڵدا ئارسێناڵی گەیاندەوە لوتکەی پرێمەرلیگ، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت نازناوی خولەکە بۆ گەنەرز بەدەست بهێنێت، بۆیە راهێنەرە ئیسپانییەکە لەلای هاندەرانی یانە لەندەنییەکە بووەتە پاڵەوانێکی بێ نازناو.

ئارتێتا سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا سێ نازناوی لەگەڵ ئارسێناڵ بردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نازناوی پرێمەرلیگ بۆ یانەکە بباتەوە کە 20 ساڵە یانەکە لەو نازناوە بێبەشە.

ژمارەی خاڵەکانی ئارتێتا لەگەڵ ئارسێناڵ لە پرێمەرلیگ
ژمارەی خاڵەکانی ئارتێتا لەگەڵ ئارسێناڵ لە پرێمەرلیگ

دوای پێنج ساڵ ئارسێناڵی گەڕاندەوە ناو کێبڕکێکان

میکێل ئارتێتا کاتێک یاریدەدەری پیپ گواردیۆلا بوو لە مانچێستەر سیتی، وەرزی 2019/2020 لە ناوەڕاستی وەرز بووە راهێنەری ئارسێناڵ، ئەوکات گەنەرز نەک هەر لە کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ دووربوو، بەڵکو لە بەشداریکردنی چامپیۆنزلیگیش بێبەش بوو.

ئارتێتا لە یەکەم وەرزی لەگەڵ ئارسێناڵ جامی یەکێتی ئینگلتەرا FAـی بۆ ئارسێناڵ بردەوە و لە یاریی کۆتایی لە چێڵسییان بردەوە، راهێنەرە ئیسپانییەکە دوو جار قەلخانی خێرخوازیی ئینگلتەراشی بۆ گەنەرز بردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە نازناوی پرێمەرلیگ بۆ یانەکە بباتەوە.

راهێنەرە 42 ساڵانەکە دوو وەرزە لەسەریەک لەپێناوی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ کێبڕکێی مانچێستەر سیتی دەکات، کوڕانی ئارتێتا وەرزی رابردوو بە 84 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا، ئەم وەرزەش بە 89 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا.

Image

هەموو شتێکی لەگەڵ ئارسێناڵ کردووە تەنیا بەرزکردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ نەبێت!

گەرچی ئارسێناڵ 20 ساڵە نەیتوانیوە نازناوی پرێمەرلیگ بباتەوە و ئارتێتا نەیتوانیوە خەونی هاندەرانی یانەکە بهێنێتەدی، بەڵام لەم وەرزە توانی لە پرێمەرلیگ 28 بردنەوە بۆ گەنەرز بەدەست بهێنێت و هاوشانی مان سیتی ریکۆردی زۆرترین بردنەوەیان لە وەرزێکی خولەکە شکاند، لەکاتێکدا پێشتر ئارسێناڵ لە وەرزی 2003-2004 سەرەڕای ئەوەی بەبێ دۆڕان نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە، تەنیا 26 بردنەوەی بەدەستهێنابوو.

ئارسێناڵ کە لەم ساڵانەی دواییدا بەرامبەر یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ ئەنجامەکانی خراپ بوون، لەم وەرزە بەرامبەر لە یارییەکانی بەرامبەر شەش یانە گەورەکەی پرێمەرلیگ، شەش بردنەوەی بەدەستهێناوە و تەنیا چوار یاریی یەکسانبووە، بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت.

سەرەڕای ئەوەی ئارتێتا لە ماوەی پێنج ساڵدا 700 ملیۆن پاوەندی لەگەڵ ئارسێناڵ خەرجکردووە، بەڵام تەنیا سێ نازناوی بۆ یانەکە بەدەستهێناوە و دوای ئەوەی نەیانتوانی نازناوی پرێمەرلیگ ببەنەوە، بەڵێنی بە هاندەرانی یانەکەیدا نازناوی پرێمەرلیگیان بۆ بباتەوە.

ژمارەی خاڵەکانی ئەم وەرزەی ئارتێتا لە 10 وەرزی سێر ئەلێکس فێرگسن راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد زیاتر بوو، کە ئەو راهێنەرە لەکۆی ئەو 13 نازناوەی لە پرێمەرلیگ بەدەستیهێنان، ئەو 10 وەرزە بەشێکبوون لەو وەرزانە.

گەنەرزی گەڕاندەوە ریزی پاڵەوانەکانی ئەوروپا

دوای ئەوەی وەرزی رابردوو پلەی دووەمی پرێمەرلیگی بۆ ئارسێناڵ بردەوە، ئەم وەرزە گەنەرز جارێکی دیکە گەڕایەوە چامپیۆنزلیگ، لەکاتێکدا لەوەتەی وەرزی 2016/2017 لە چامپیۆنزلیگ دابڕابوو،

ئارسێناڵ ئەم وەرزە گەرچی ساڵانێکی زۆر بوو لە چامپیۆنزلیگ دابڕابوو، بەڵام لەسەر دەستی ئارتێتا گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، لەکاتێکدا لەوەتەی وەرزی 2009/2010 نەیتوانیبوو بگاتە ئەم قۆناخە.

ئارتێتا لەم وەرزە کە یەکەمجاری بوو وەکو راهێنەر لە چامپیۆنزلیگ کار بکات، لەکۆی 10 یاری پێنج بردنەوەی بۆ گەنەرز بەدەستهێنا و لە دوو یاریی یەکسان بوو و تووشی سێ دۆڕانیش بوو، تیپەکەی ئارتێتا 22 گۆڵی کرد و 10 گۆڵیشی لێکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button