خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ ئەم وەرزە دوای جێگیرکردنی سیستەمی ڤاڕ و بەڕێوەچوونی خولەکە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە زۆر ترین ڕاهێنەر لە ئەرکەکانیان وازیان هێناوە یاخود دوور خراونەتەوە.
تا ئێستا دوای 28 گەڕ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق 24 ڕاهێنەر لە یانەکان گۆڕدراون کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر بە لەبەر چاوگرتنی وەرزەکانی ڕابردوو، یانەی نەفتی ناوەڕاست تاکە یانەیە زۆرترین ڕاهێنەری لە خولەکە گۆڕیوە کە چوار ڕاهێنەرە و دواین قوربانیش سائیر جەسام بوو کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر وازی لە ئەرکەکەی هێناو یانەکەش لە کۆتا ڕیزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، هەر یەک لە ماجد نەجم و عەباس عەتیە و عیماد عۆدە و سائیر جەسام ڕاهێنەرایەتی یارییەکانی ئەم وەرزەی یانەی نەفتی ناوەڕاستیان کردووە و پێنجەم ڕاهێنەریش حەیدەر عەبودیە کە ئێستا ئەرکی ڕاهێنەرایەتی تیپەکەی وەرگرتووە.
دوای نەفتی ناوەڕاست یانەکانی هەولێر و نەفتی میسان دێن کە هەریەکیان سێ ڕاهێنەر سەرپەرشتی تیپەکەیان کردووە، عەباس عوبێد و حەیدەر عەبدولئەمیر و عەبدولقادر حوسێن ئەم وەرزە ڕاهێنەرایەتی یانەی هەولێریان کردووە و ئێستاش یانەکە بێ ڕاهێنەرە و لە ئەگەری دەستنیشانکردنی ڕاهێنەر ئەوا دەبێتە چوارەم ڕاهێنەر سەرپەرشتی یانەی هەولێر بکات، هەر یەک لە هەیسەم شبول و عەباس عوبێد و محەمەد عەلی کەریمیش ڕاهێنەرایەتی یانەی نەفتی میسانیان کردووە.
تا ئێستا تەنیا 5 یانە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ڕاهێنەریان نەگۆڕیوە کە ئەوانیش یانەکانی قوەی جەوی و زاخۆ و نەفت و حدود و کارەبان لە سەرەتای وەرزەوە هیچ گۆڕانکاریەکیان لە دەستەی ڕاهێنەران نەکردووە و تیپەکانیشیان لە بارودۆخێکی باشدایە لە خولەکە.