ئیتاڵیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

فابریگاس یەک هەنگاو لە سەرخستنی کۆمۆ بۆ ریزی یانەکانی سێریا ئەی دوورە

Yariga App

یاریگا –

فابریگاس یەک هەنگاو لە سەرخستنی یانەی کۆمۆی ئیتاڵی بۆ ریزی یانەکانی سێریا ئەی دوورە، یانەکەی سیسک تەنیا سێ خاڵ پێویستە بۆ ئەوەی بەفەرمی بگەڕێتەوە ریزی یانە پلە یەکەکانی ئیتاڵیا.

یانەی کۆمۆی ئیتاڵی لەسەر دەستی فابریگاس خەریکە دەگەڕێتەوە سێریا ئەی و ئەو یانەیە کە ساڵی 1907 دامەزراوە، لەوەتەی وەرزی 2002/2003 لە سێریا ئەی دابڕاوە و هەنگاوێک دوورە دوای 21 ساڵ بگەڕێتەوە ریزی یانە گەورەکانی ئیتاڵیا.

ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی فابریگاسە و تەمەنی دەبێتە 37 ساڵ، سبەی فابریگاس و یاریزانەکانی لە بەردەم نووسینەوەی مێژوودان و بە بردنەوە یانەکەیان بۆ سێریا ئەی سەردەخەنەوە.

Como 1907 Press Release: Cesc Fabregas and New Kit - Como 1907

چیرۆکی فابریگاس لەگەڵ یانەی کۆمۆی ئیتاڵی

فابریگاس هاوینی 2022 لە مۆناکۆی فڕەنسییەوە بە گرێبەستێکی ئازاد روویکردە ریزەکانی کۆمۆی ئیتاڵی، بۆ ماوەی وەرزێک لە ریزی ئەو یانە ئیتاڵییە یاریی کرد و بەشداریی 17 یاریی یانەکەی کرد.

فابریگاس پێش ئەوەی وەکو یاریزان پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، هاوشانی تێری هێنری بەشێکی پشکەکانی ئەون یانەیان کڕیوەتەوە و فابریگاس و هێنری خاوەندارییەتی بەشێکی یانەکەن، کە لەوەتەی ساڵی 2003 ئەو یانە ئیتاڵییە دوو جار مایەپووچ بووە و ساڵی 2019 لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیندۆنیزی کڕایەوە.

فابریگاس باری لاری یانەکەی راستکردەوە و لە هاتنەدی خەونەکەی نزیکی کردەوە

فابریگاس (37 ساڵان) نۆڤێمبەری ساڵی رابردوو دوای دەستلەکارکێشانەوەی مۆرینۆ لۆنگۆ ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی کۆمۆی گرتە دەست، لەوکاتەوە فابریگاس لەگەڵ یانەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 14 یاری 6 بردنەوەی بۆ یانەکە بەدەستهێناوە، گەرچی بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی راهێنەرایەتی سیسک بەفەرمی راهێنەری یانەکە نییە و وەکو یاریدەدەری راهێنەر ناوی تۆمارکراوە، بەڵام ئەو راهێنەرە ئیسپانییە خەریکە لە یەکەم ئەرکی راهێنەرایەتیدا مێژوو دەنووسێتەوە.

کۆمۆ بە کۆکردنەوەی 71 خاڵ پلەی دووەمی سێریا بی گرتووە و لەو دوو یارییەی ماویەتی پێویستی بە بردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بەفەرمی بلیتێکی وەرزی داهاتووی سێریا ئەی بەدەست بهێنێت و هاوشانی پارما بگەڕێتەوە ریزی یانە پلە یەکەکان.

کۆمۆ بە جیاوازی چوار خاڵ لەپێشەوەی ڤینیزیای سێیەم دێت و سبەی یەکشەممە لە گەڕی سی و حەفتەمی سێریا بی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی مۆدینا، رۆژی هەینی داهاتووش لە دوایین یاریی خولەکە لە یاریگای خۆی میوانداریی کۆسێنزا دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button