ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بە ژمارە لەبارەی مێژووی کلاسیکۆی جیهان بزانە

ریال مەدرید چاوی لە 36مین نازناوی لالیگا و بارسێلۆناش دەیەوێت هیواکان زیندوو بکاتەوە

یاریگا –

لەگەڵ نزیکبوونەوەی فیکەی دەستپێکی یاری ئێل کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا، تۆڕی وەرزشی یاریگا بابەتێکی تێروتەسەلی پڕ لە ژمارە بڵاودەکاتەوە.

لە یاری لووتکەی گەڕی 32ی لالیگا، ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری بارسێلۆنا دەکات.

رووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە

ریال مەدرید چاوی لە دووبارەکردنەوەی بردنەوەیە لە بەرامبەر بارسێلۆنا، چونکە بردنەوەی ئەم یارییە جیاوازی نێوانیان بۆ 11 خاڵ بەرزدەکاتەوە و تەنیا شەش گەڕیش بۆ کۆتایی لالیگا دەمێنێتەوە.

هیواکانی بارسا زۆر لاوازن، لەلایەک دەیەوێت دڵگرانییەکانی ئەوروپا لەیاد خۆی بباتەوە، دوای دوورخرانەوەی لە چامپیۆنزلیگ لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان، بۆیە بردنەوەی ئێل کلاسیکۆ، جیاوازی خاڵەکان بۆ پێنج کەم دەکاتەوە و فشاری زیاتر دەخەنە سەر ریال مەدریدی پێشەنگدار. لەلایەکی دیکەشەوە، بارسا دەیەوێت رێچکەی ئەنجامە باشەکانی بەرنەدات، چونکە 10 یارییە لەلالیگا نەدۆڕاوە.

یارییەکە پڕە لە ژمارەی مێژوویی، چونکە بە گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی جیهان دادەندرێت و بینەرێکی ریکۆردشکێنی هەیە.

لەم بابەتەدا دیارترین شاکار و رووداوەکانی مێژوویی ئێل کلاسیکۆ دەخەینەڕوو

گەورەترین بردنەوە

ریال مەدرید خاوەن گەورەترین ئەنجامی مێژوویی کلاسیکۆیە، لە 19ی یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 1943 ریال بە ئەنجامی 11-1 لە جامی فڕانکۆ کە ئێستا بە جامی شا ناسراوە، لە لۆس بلانکۆسی بردەوە.

رووبەڕووبوونەوەی گەورەکانی جیهان لە کارلێکی سیاسی دوورنییە، چونکە لەو سەردەمەدا فرانشێسکۆ فڕانکۆ، جەنەڕاڵی سەربازی ئیسپانیا وڵاتی بەڕێوەدەبرد و کاریگەری لەسەر هەموو کایەکی ژیان هەبوو، بەڵام مێژوو ژمارەکان دەنووسێتەوە و ئەم ئەنجامەش لە نێو تۆمارەکاندا ماوە.

بارسێلۆنا لە 24ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 1950 بە ئەنجامی 7-2 لە مەدردیدی بردەوە، ئەمەش گەورەترین بردنەوەی بارسایە لە مێژوودا.

ئاهەنگی گۆڵەکان

زۆربەی یارییەکانی کلاسیکۆ پڕ گۆڵن، چونکە هەردوو یانە تەنیا و تەنیا چاویان لە گۆڵی زیاترە، چونکە دیدێکی مێژوویی هەیە و هیچ هاوکێشەیەک نایگرێتەوە.

یەکەم ئەنجامی گەورەی نێوانیان لە 13ی ئەپریل/نیسانی ساڵی 1916 بە ئەنجامی 6-6 لە جامی ئیسپانیا تۆمارکرا.

دووەم گەورەترین یاری پڕ گۆڵیش بۆ سەردەمی فڕانکۆ دەگەڕێتەوە و مەدرید بە ئەنجامی 11-1 سەرکەوت.

درێژترین زنجیرەی بردنەوە

ریال مەدرید خاوەن درێژترین زنجیرەی بردنەوەی لەسەریەکە لە کلاسیکۆ. لۆس بلانکۆس لە 22ی ئەپریل/نیسانی ساڵی 1962 تاوەکو 28ی فێبرایەر/شوباتی ساڵی 1965 بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد.

درێژترین بردنەوەی یەک بە دوای یەکی بارسێلۆناش لەسەردەمی پێپ گواردیۆلا بوو، کاتێک لە 13ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2008 تاوەکو 29ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2010 بە پێنج بردنەوە بەردەوام بوو.

کلین شیت و گۆڵی بەردەوام

بارسێلۆنا خاوەن ریکۆردی درێژترین کلین شیتە و پێنج یاری هیچ گۆڵێکی لێ نەکرا. بلوگرانا لە 3ی ئەپریل/نیسانی ساڵی 1972 تاوەکو 17ی فێبرایەر/شوباتی ساڵی 1974 هیچ گۆڵێکی لە کلاسیکۆ لێنەکرا.

گۆڵکاری مێژوویی

هەرچەندە لیۆنێل مێسی لە هاوینی ساڵی 2021 ریزەکانی بارسێلۆنا جێهێشت، بەڵام تاوەکو ئێستا پارێزگاری لە نازناوی گۆڵکاری مێژویی کلاسیکۆ کردووە.

لیۆ مێسی 26 گۆڵی لە ریال مەدرید کردووە کە 18 گۆڵییان لە خولی لالیگا بووە.

ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ، ئەفسانەی ریال مەدرید لە پلەی دووەم بە 18 گۆڵ دێت، کە یەکسانە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی مەدرید.

رۆناڵدۆ خاوەن ریکۆردێکی ناوازەیە، لە وەرزەکانی نێوان 2011-2012 و 2012-2013، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە شەش یاری بە دوای یەکی کلاسیکۆ گۆڵی کرد.

زۆرترین بەشداری

سێرجیۆ بوسکێتس، یاریزانی ئینتەر مەیامی خاوەن زۆرترین بەشداریی کلاسیکۆیە و 48 یاری کردووە.

لیۆ مێسی بە 45 یاری لە پلەی دووەمدا دێت و یەکسانە لەگەڵ سێرجیۆ رامۆس، کاپتنی ئێستای سێڤییا.

سەرکەوتووترین راهێنەری کلاسیکۆ

رەنگە بەشێکی زۆرمان لە سەردەمە زێڕینەکەی پێپ گواردیۆلا و جۆزێ مۆرینیۆدا ژیابین، بەڵام سەرکەوتووترین راهێنەری کلاسیکۆ لەم سەردەمەی ئێمە نەژیاوە.

میگێل مونۆز، راهێنەری ریال مەدرید زۆرترین بەشداری کلاسیکۆی کردووە. لە ساڵانی نێوان 1960-1974 بەشداری 36 یاری کردووە و هەروەها خاوەن ریکۆردی زۆرترین بردنەوەی مێژووی کلاسیکۆیە و بەسەر هەردوو راهێنەری مێژووی بارسێلۆنا، یۆهان کڕۆیف و گواردیۆلا سەرکەوتووە، کە هەردووکیان خاوەن 9 بردنەوەی کلاسیکۆن.

بابەتی زیاتر

Back to top button