عێراقگرنگترین

دوای ئەوەی قەحتان جەسیر رەتیکردەوە، کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی هەولێر؟

یاریگا – 

قەحتان جەسیر رەتیکردەوە ببێتە راهێنەری یانەی هەولێر و ئێستا یانەکە بۆ یاریی یەکشەممە بەدوای راهێنەرێک دەگەڕێت.

قەحتان جەسیر راهێنەری پێشووی قوە جەوییە و ئۆڵێمپی عێراق کە چەند رۆژێک بوو سەرپەرشتی راهێنانەکانی یانەکەی دەکرد، بەهۆی کێشە داراییەکانی یانەکە رەتیکردەوە ببێتە راهێنەری یانەکەی قەڵاومنارە و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بەغدا، کە نزیکەی سێ مانگە یاریزانانی یانەکە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەولێر داوای لە سەمیر بابۆ کردووە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تا کۆتایی ئەم وەرزە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، وابڕیارە هەردوولا کۆببنەوە و گفتوگۆی زیاتر بکەن کە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو چارەنووسی  سەمیر بابۆ یەکلا دەبێتەوە و لەبارەی ئۆفەرەکەی هەولێر بڕیاری خۆی دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەگەر سەمیر بابۆ ئۆفەرەکەی هەولێر رەتبکاتەوە، عەبدولقادر حوسێن یاریدەری راهێنەری هەولێر بۆ یارییەکەی یەکشەممە بەرامبەر شوڕتە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە دەگرێتە دەست.

بەهۆی ئەوەی نزیکەی سێ مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە، تا ئێستا یاریزانانی یانەی هەولێر هەڕەشەی ئەوە دەکەن بۆ یارییەکەی شوڕتە بایکۆت بکەن و ئامادەی یارییەکە نابن.

هەولێر بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و یارییەکی دواخراوی لەگەڵ کارەبا هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button