عێراقکوردستان

دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی نەورۆز ئاشکرا کرا

دوای قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی وەلی کەریمی ڕاهێنەر، یانەی نەورۆز بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ نزار مەحروس ڕاهێنەری سووری واژۆکرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 18 \ 4 \ 2024 پێگەی فەرمی یانەی نەورۆز ڕایگەیاند کەوا بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ ڕاهێنەر نزار مەحروس واژۆ کردووە بۆ ئەوەی لەو یاریانەی ماوە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ڕاهێنەرایەتی یانەکە بکات، تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونی بۆ یاریدەدەری ڕاهێنەری ناوبراو کردوو دڵشاد ئەحمەد کە پێشووتر لە یانەکانی هەولێر و زاخۆش وەک یاریدەدەر لەگەڵ نزار مەحروس کاری کردووە بۆ ئەمجارە لەگەڵ دەستەی ڕاهێنەران نابێت بە هۆی هەبوونی پرسیار عەبدولڕەزاق لە یانەی نەورۆز کە پێشووتریش یاریدەدەری وەلی کەریم بووە، نزار مەحروس تەنها سائید سوێدانی سووری دەبات لەگەڵ خۆی بۆ یانەکە کە ئێستا یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی زاخۆیە.

لەم بارەیەوە دڵشاد ئەحمەد تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی: لە کاتی ئێستادا ناتوانم وەک یاریدەدەر کار بکەم لەگەڵ دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی نەورۆز، بەڵام لەگەڵ نزار مەحروس ڕێککەوتووین کەوا دوای هەموو یاریەک شیکردنەوە بۆ یارییەکانیان بکەم و هاوکاریان بم لە دەستنیشانکردنی هەڵەکان، ڕەنگە بارودۆخ بگۆڕێت و لە داهاتوو بتوانم بە فەرمی کاریان لەگەڵ بکەم.

یانەی نەورۆز لە ڕیزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە و نزار مەحروسیش یەکەم یاری بەرامبەر یانەی نەفتی بەسڕا دەبێت لە 27ـی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

Back to top button