ئیسپانیاگرنگترین

ئاراوخۆ لەبارەی کارتە سوورەکەی وەڵامی گۆندوگان دەداتەوە و پێش یاریی کلاسیکۆ هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

یاریگا –

ئاراوخۆ لە رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەیدا هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات و دەڵێت ‘دەمانەوێت تۆڵەی خۆمان بکەینەوە’.

رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کتێبێکی خۆی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بڵاوکردەوە کە نرخی کتێبەکەی 112 هەزار دینارە.

ئاراوخۆ لەبارەی یاریی کلاسیکۆ کە رۆژی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، دەڵێت :’دەمانەوێت لە یاریی کلاسیکۆ تۆڵەی خۆمان لە ریال مەدرید بکەینەوە و نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بەدەست بهێنین، ئێستا ئێمە تەنیا نازناوی لالیگامان لە بەردەمدا ماوە، بۆیە پێویستە هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر نازناوەکە بکەین’.

بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە لەبارەی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ بەڕوویدا بەرزکرایەوە، دەڵێت :’من وەکو هەر هاندەرێکی بارسێلۆنا بە کرانە دەرەوەمان لە چامپیۆنزلیگ زۆر دڵتەنگم، بەداخەوە لەو حاڵەتەی کارتی سوورم پێدرا بڕیارەکە بۆ ناوبژیوان 50-50 بوو، وەکو یاریزانێکی بارسێلۆنا زۆر بە ئازار بوو ئەو رووداوە’.

هەروەها ئاراوخۆ لەبارەی قسەکانی ئیلکای گۆندوگان دەڵێت :’من نامەوێت وەڵامی قسەکانی گۆندوگان بدەمەوە، هەندێک پێوەر و پێودانگی تایبەت بەخۆم هەیە، بۆیە با وەڵامەکانم بۆ قسەکانی گۆندوگان بۆ خۆم بمێنێتەوە، من بڕوا ناکەم هیچ هەڵەیەکم کردبێت، بەڵکو ئەوەی روویدا بەشێک بوو لە ریتم و دۆخی یارییەکە، من خۆم بە قەرزاری هاندەرانی بارسێلۆنا دەزانم چونکە کاتێک بە کارتی سوور کرامە دەرەوە هەموویان هاواری ناوی منیان دەکرد’.

بابەتی زیاتر

Back to top button