کوردستانگرنگترین

تایبەت بە یاریگا | هەژار سابیر دەبێتە یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان

یاریگا –

هەژار سابیر راهێنەری ئاکرێ بۆ جامی کۆنیفا دەبێتە یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان و لەو پاڵەوانێتییە دەبێتە یاریدەدەری سلێمان رەمەزان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەژار سابیر کە بۆیەکەمجار لە مێژوودا نازناوی خولی نایابی کوردستانی بۆ یانەی ئاکرێ بەدەستهێنا، نزیکە بۆ جامی کۆنیفا کە وابڕیارە ئەم هاوینە لە هەڕێمی کوردستان بە بەشداریی 16 هەڵبژاردە بەڕێوە بچێت، ببێتە یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان.

ئازاد محەمەد، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’سلێمان رەمەزان بەفەرمی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان و خۆی ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە دەستنیشان دەکات’.

هەژار سابیر (37 ساڵان) سەرەتای مانگی دیسەمبەر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی ئاکرێێ گرتە دەست، لەکۆی 24 یاری 12 بردنەوەی بۆ یانەکە بەدەستهێنا و نازناوی خولی نایابی کوردستانی بۆ یانەکە بردەوە.

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی هەڵبژاردەی کوردستان بکرێت و لیستی سەرەتایی یاریزانانی هەڵبژاردەکە یەکلا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکاریی بکەن بۆ جامی کۆنیفا، کە وابڕیارە کۆتایی مانگی حوزەیران/یۆنیۆ دەستپێبکات.

هەڵبژاردەی کوردستان لە جامی کۆنیفای 2024 لە کۆمەڵەی یەکەم هاوشانی هەڵبژاردەکانی تامیل ئیلام و کێرنۆو و کەشمیر یاریی دەکات، کە پێشتر هەڵبژاردەی کوردستان دوو جار بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کردووە و لە دوایین دوو وەشانیش بەشداریی نەکردووە. ساڵی 2012 لەژێر ناوی جامی ڤیڤا پاڵەوانێتییەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی نیشتیمانیمان نازناوەکەی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button