ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئایا چاڤی و لاپۆرتا لە بارسێلۆنا فێڵیان لە هەمووان کردووە؟

یاریگا –

تا دێت گومانەکان لەبارەی رێککەوتنێکی نهێنی نێوان لاپۆرتا و چاڤی زۆرتر دەبن، لە ئیسپانیا گومان دەکەن لاپۆرتا و چاڤی فێڵیان لە هەمووان کردبێت و راهێنەرەکەی بارسێلۆنا بە فێڵ پێشوەختە بڕیاری وازهێنانی لە راهێنەرایەتی یانەکە راگەیاند بێت.

میدیاکانی کەتەلۆنیا لەسەر پرسیارکردن لەبارەی بەردەوامبوونی چاڤی لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا پێداگیری دەکەن، بەردەوام لە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا دەپرسن ئایا چاڤی کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بلاوگرانا دەهێنێت؟

لەوەتەی چاڤی بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بهێنێت چی گۆڕاوە؟

دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە لالیگا رۆژی 27ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی ئەمساڵ (77 رۆژ لەمەوبەر) لەناو یاریگای خۆی 3-5 بە ڤیاڕیال دۆڕا، چاڤی هێرناندێز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا دەهێنێت، کە ئەوکات بارسا لە جامی شای ئیسپانیا کرابووە دەرەوە و لە جامی سوپەری ئیسپانیاش لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕابوو، فشارێکی زۆر لەسەر خوان لاپۆرتا و چاڤی هێرناندێز هەبوو.

لەوەتەی چاڤی بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی راگەیاندووە، بارسێلۆنا لەکۆی 12 یاری لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، نۆ بردنەوە و سێ یەکسانبوونی بەدەستهێناوە، بارسا دوای بڕیارەکەی چاڤی توانی لە چامپیۆنزلیگ یانەی ناپۆلی تێبپەڕێنێت و لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتاییش لە پاریس 3-2 لە پاریس سانجێرمانی بردەوە، لە لالیگاش هاتە پلەی دووەم و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ بۆ هەشت خاڵ کەمکردەوە.

بۆچی گومان دەکرێت چاڤی و لاپۆرتا فێڵیان کردبێت؟

میدیاکانی کەتەلۆنیا بەردەام پرسیار لە لاپۆرتا دەکەن ئایا کۆتایی ئەم وەرزە چاڤی لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە کە هەمیشە پشتگیری چاڤی دەکات، رەتیدەکاتەوە لەبارەی جێنشینی چاڤی هیچ گفتوگۆیەک بکات و پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، چاڤی رازی بکرێت لە یانەکەیان بەردەوام بێت.

گەرچی چاڤی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا هەمیشە رۆیشتنی لە یانەکە دووپات دەکاتەوە و پێداگیری خۆی لەسەر بڕیاری وازهێنانەکەی نوێ دەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا هیچ گفتوگۆیەک و هەوڵێکی نەداوە بۆ ئەوەی راهێنەرێک بۆ شوێنگرەوەی چاڤی بدۆزێتەوە، تەنانەت لاپۆرتا هیچ هەوڵێکی نەداوە راهێنەرێک بۆ وەرزی داهاتووی یانەکەی دەستنیشان بکات.

کەی فێڵەکەی چاڤی و لاپۆرتا ئاشکرا دەبێت؟

ئەگەر بارسێلۆنا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بتوانێت بگاتە یاریی کۆتایی یان نازناوەکە بباتەوە، یانیش لە لالیگا لە یاریی کلاسیکۆ لە ریال مەدرید بباتەوە و هیوای خۆی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە زیندوو بکاتەوە، فێڵەکەی چاڤی و لاپۆرتا ئەگەرچی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام زۆرترین سوود بە یانەکەیان دەگەیەنێت و تاوەکو رۆژی 30ـی یۆنیۆ یەکلا دەبێتەوە چاڤی و لاپۆرتا پێشوەختە رێککەوتنێکی نهێنییان بۆ بڕیاری وازهێنانەکەی چاڤی کردووە یان نا.

چاڤی لەوەتەی نۆڤێمبەری 2021 ماوەی 967 رۆژە بووەتە راهێنەری بارسێلۆنا، لە 134 یاری 85 بردنەوە و 23 یەکسانبوون و 26 دۆڕانی بەدەستهێناوە، نازناوی لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بۆ یانە کەتەلۆنییەکە دەستخستووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button