چامپیۆنزلیگگرنگترین

داعش هەڕەشەی جدی لە یارییەکەی پاریس و بارسێلۆنا دەکات

پۆلیسی فەڕەنسا کەوتووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە

یاریگا –

پۆلیسی فەڕەنسا بەر لە یاری ئەمشەوی پاریس سانجێرمان بەرامبەر بارسێلۆنا، رێکارەکانی ئەمنی لە نزیک یاریگای پارک دۆ پرێنس توندکردووە.

دوا بە دوای هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر دامەزراوەکانی وەرزشی و بەر لە دەستپێکردنی ئۆڵێمپیادی پاریس، دەزگاکانی ئەمنی فەڕەنسا پلانی تۆکمەیان بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی وەرزشی داڕێشتووە.

ئەمشەو لە یاری چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، پاریس میوانداری بارسێلۆنا دەکات و داعش هەڕەشەی ‘جدی’ کردووە و تەنانەت لە هەڕەشەکاندا باسی بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراوی کردووە.

لە ئیسپانیا و بەریتانیاش، دەزگاکانی ئەمنی رێکاری توندیان لە نزیک یاریگاکانی ئیماڕات و سانتیاگۆ بێرنابیۆ گرتووەتە بەر، ئەمەش بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.

هەڕەشەکان بەزۆری رووی لە فەرەنسایە، چونکە ئۆڵێمپیادی لێبەڕێوەدەچێت و پێشتر چەندین جار کەوتووەتە بەر پەلاماری رێکخراوەکانی تیرۆرستی.

بۆ یارییەکەی ئەمشەو، پۆلیسی فەرەنسا شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی دوورخستووەتە و چەندین بەربەستی دروستکردووە. ماتیۆ کە ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی پاریسە دەڵێت

هەرچەندە رێکاری توندمان گرتووەتەبەر، بەڵام ناکرێ لە دڵەڕاوکێ و ترسدا بژین، دەتوانین پیشانیان بدەین کە ناتوانن هیچ بکەن.

رێکخراوی داعش ڤیدیۆییەکی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە شوێنکەوتووانی کردووە، رووداوەکانی هاوشێوەی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2015 دووبارە بکەنەوە، کاتێک هێرشکرایە سەر یاریگای دۆ فرانس.

هەروەها لە پۆستە ڤیدیۆییەکەدا، داواکراوە درۆن بۆ هێرشەکان بەکاربهێندرێت و ئەمەش ترسێکی زۆری لای هاندەرانی پاریس و بارسێلۆنا دروستکردووە.

پۆلیسی ئیسپانیا 2000 ئەندامی ئەمنی بۆ پاراستنی هەردوو یارییەکەی شاری مەدرید تەرخان کردووە.

لە دوای تێکشکانی داعش لە عێراق و سووریا، ئێستا رێکخراوەکە کار لەسەر شانە خەوتووەکان دەکات. لقی داعش لە ئەفغانستان، لە ماوەی رابردوودا چەندین هێرشیکردە کرد و لە مانگی رابردوودا، هێرشیکردە سەر مۆڵێکی گەورەی مۆسکۆ و نزیکەی 100 کەسی کوشت. جیا لەمەش لە دوو تەقینەوەی یەک بە دوای یەکدا لە ئێران، زیاتر لە 100 کەس کوژران.

بابەتی زیاتر

Back to top button