کوردستان

باشترینەکانی مانگی ئاداری خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران

لیژنەی باشترینەکان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان باشترینەکانی مانگی ئاداری دیاری کردوو کە لە سێ یانەی جیاواز هەڵبژێردراون.

هەژار سابڕ ڕاهێنەری یانەی ئاکرێ بە باشترین ڕاهێنەر دەستنیشانکرا دوای ئەوەی لە کۆی 6 یاری چوار سەرکەوتن و دوو یەکسان بوونی بە دەستهێنابوو کە دەکاتە 14 خاڵ و یانەی ئاکرێشی هەر لەو مانگە گەڕاندەوە سەرووی ڕیزبەندی یانەکان کە ئێستا 48 خاڵیان هەیە و نزیک لەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوو ببنە پاڵەوانی خولەکە، هەژار لە کۆی 51 دەنگ توانی 46 دەنگ کۆبکاتەوە و پلەی یەکەم وەربگرێت.

دانا کامەران هێرشبەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە باشترین یاریزان بۆ مانگی ڕابردوو دەستنیشانکرا، دانا لە مانگی ئادار توانیبوی 5 گۆڵ بۆ تیپەکەی تۆمار بکات و کە ئێستا لە سەرووی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان دێت بە تۆمار کردنی 16 گۆڵ و لە کۆی 51 دەنگ توانی 20 دەنگ کۆبکاتەوە بە پێش نزیکترین ڕکابەری کە یاریزان ڕێزدار وەلی یاریزانی یانەی سۆرانە بکەوێت کە 12 دەنگی بە دەستهێا بوو.

دلێر حاتەم گۆڵپارێزی یانەی هەندرێن بە باشترین گۆڵپارێزی مانگی ڕابردوو هەڵبژێردرا، لە کۆی شەش یاری دلێر توانی چوار کلین شیت تۆمار بکات و لە کۆی 51 دەنگ توانی 17 دەنگ بە دەستبهێنێت، نزیکترین ڕکابەری دلێر حاتەم گۆڵپارێزی یانەی ئاکرێ عەباس یابر بوو کە توانی 16 دەنگ کۆبکاتەوە.

باشترینەکانی مانگ لە لایەن لیژنەیەکی تایبەت لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە دەنگی 16 ڕاهێنەرەکەی نایاب و 16 کاپتنەکەی یانە نایابەکانی کوردستان و 19 دەزگای ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکار کە ڕووماڵی خولی نایابی کوردستان دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button