ئینگلتەراگرنگترین

لیڤەرپوول چەند قەرەبوو دەدات بۆ هێنانی شوێنگرەوەکەی کلۆپ؟

یاریگا –

رۆژەکان خێرا تێدەپەڕن بەرەو کۆتا هەفتەکانی بینینی یۆرگن کڵۆپ لە پۆستی راهێنەرایەتیکردنی لیڤەرپوول و یانەکەیش لە ئێستاوە هەوڵەکانیان چرتر کردووەتەوە بۆ هەرچی زووە دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکە.

لە ماوەی رابردوودا زۆر ناو وەک پاڵێوراوە بە پۆستەکەی ڕێدز دەبەسترانەوە، کە دیارترینیان چابی ئالۆنسۆ بوو پێش ئەوەی دوێنێ بە فەرمی رایگەیاند ساڵی داهاتوویش هەر لەگەڵ لیڤەرکوزن دەمێنێتەوە. روبن ئامۆریم، راهێنەری سپۆرتینگ لشبۆنەی پورتوگالیش لە یەک دوو مانگی رابردوودا هاتە بەر باس کە تا ڕادەیەکی زۆر چاوەڕواننەکراو بوو. بە گوێرەی زانیارییەک کە ئەمرۆ فابریزۆ رۆمانۆ بڵاوی کردەوە، ئامۆریم وەک سەرەکیترین ناو ماوەتەوە لە لیستی بەربژێرکراوەکانی لیڤەر.

دەستنیشانکردنی ناوبراو هەروا بێ قەرەبووی مادد نابێت و، بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، دەبێت لە بەرامبەر هێنانیدا بۆ ئانفیڵد، یانە ئینگلیزیەکە بڕی ١٥ ملیۆن یۆرۆ بدەن بە هاوتا پورتوگالییەکەیان.

ئەو برە پارەیە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئامۆریمدا دەبێت کە هاوین دەتوانێت لە سپۆرتینگ بڕوات.

بە گوێرەی هەڵسەنگاندی راپۆرتێکی تەلەگرافی بەریتانی، ئەو برە پارەیەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕێدز، لەچاو یانە گەورەکانیتر زۆر کەمترە. بەو پێیەی یانەیەکی وەک بایەرن میونخ لە دەستنیسانکردنی جولیان ناگلیسماندا بڕی ٣٠ ملیۆن یۆرۆیان وەک قەرەبوو دا بە لایپزیگ و، چێڵسیش نزیکەی ٢٥ ملیۆن بە برایتن لە بەرامبەر گواستنەوەی گراهام پۆتەر.

سپۆرتینگ بە راهێنەرایەتی ئامۆریم پێشەنگی خولی پورتوگالییان گرتووە و لە ٢٦ هەفتەدا ٦٨ خاڵیان کۆ کردووەتەوە و رکابەرێکی توند بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

بابەتی زیاتر

Back to top button