ئیتاڵیا

کاناڤارۆ: ئامادەم بێبەرامبەر راهێنەرایەتی ئەم یانەیە بکەم

یاریگا –

فابیۆ کاناڤارۆ، دوپاتی کردەوە کە ئامادەیە بێبەرامبەر سەرکردایەتی ناپۆلی بگرێتە ئەستۆ.

دوایین ئەزموونی راهێنەرایەتی کاناڤارۆ لەگەڵ بینۆیتۆ لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا زۆری نەخایاند، چونکە تەنیا لە مانگی ئەیلولی 2022 تا شوباتی 2023 سەرکردایەتی یانەکەی کرد.

کاناڤارۆ لە کاتی یارییەکەی ئیمپۆلیدا شانبەشانی دی لۆرانتیس سەرۆکی یانەکەی ناپۆلی لە یاریگاکاندا ئامادەبوو. ئەم یارییە دوا یاری رودی گارسیا بوو پێش ئەوەی لە کارەکەی دووربخرێتەوە، لەو کاتەوە قسە و باسەکان لەسەر ئەگەری پەیوەندی کردنی کاناڤارۆ وەک راهێنەری تیپەکە بڵاوبووەوە.

کاتێک پرسیاری لەبارەی بژاردەکانی جێگرەوەی گارسیا کرا، دیلۆرێنتیس دووپاتیکردەوە کە لیستی 50 ناوی هەیە بەڵام کاناڤارۆ لەنێو ئەوانەدا نییە.

لەم دواییانەدا کاناڤارۆ بە رۆژنامەی سپۆرت ئیتالیای رایگەیاند:

من ئامادەم بێبەرامبەر راهێنەرایەتی ناپۆلی بکەم، چونکە ئەمە خەونی هەموو راهێنەرێکە. پێموانییە ئەزموونی پێشووم هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی لە لیستی پاڵێوراوانی راهێنەرایەتی ناپۆلیدا نەبووم.

خەڵکێکی زۆر رێز لەو ئەزموونە ناگرن کە لە چین بەدەستم هێناوە، بەڵام من راهێنەرم و دەمەوێت کار بکەم. دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕامەوە بۆ ئیتاڵیا و تا ئێستاش فێردەبم، چونکە دەمەوێت بەردەوام بم لە ژیانی راهێنەرایەتی.

هەروەها سەبارەت بە گرفتی تیپی ناپۆلی لەم وەرزەدا گوتی:

کێشەکە لەوەدایە گۆڕانکاری زۆر لەسەر کورسی یەدەگ کرا و چەند راهێنەرێک گۆڕانکارییان بەسەردا هات. یاریزانان دەبوو بیرۆکەی تاکتیکی جیاواز وەربگرن و لێی تێبگەن.
ئاساییە کەمێک سەریان لێ شێوا. یاریی ئەتالانتا دوایین هەلی گەڕانەوەیان دەبێت بۆ پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ.

بەرگریکاری پێشووی ناپۆلی و پارما و یۆڤینتوس و ئینتەرمیلان و ریال مەدرید گەشتێکی زۆری لە ژیانی وەرزشی خۆی ئەنجامداوە، بەڵام وادیارە بۆ هەمیشە پەیوەندی بە زێدی خۆی و ئەو یانەیەی کە تیایدا دەستی بە تۆپی پێ کردووە دەمێنێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button