جیهانگرنگترین

مێسی: چاوەڕێی جێهێشتنی بارسێلۆنام نەدەكرد

” جامی جیهانی قەتەڕ رێگر بوو لە وازهێنانم ”

یاریگا –

لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكی دووپاتیكردەوە چاوەڕێی جێهێشتنی بارسێلۆنای نەكردووە.

لە گواستنەوەكانی هاوینی ساڵی 2021 دوای نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ ئیدارەی بارسێلۆنا و دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لیۆنێل مێسی ریزەكانی بارسێلۆنای جێهێشت.

پاشان بە بڕیارێكی لە ناكاو پەیوەندی بە ریزەكانی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسیەوە كرد و ماوەی دوو ساڵ لەو یانەیە بوو، دواتر  رووی لە خولی ئەمریكی كرد و پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامیەوە كرد.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ عمرو ئەدیب لیۆنێل مێسی باسی لە چەند پرسێك كرد و گوتی:

راستییەكە ئەوەیە كە گۆڕانكارییەكە قورس بوو، چونكە بەڕاستی چاوەڕێی جێهێشتنی بارسێلۆنام نەدەكرد، پێم وابوو لە بارسێلۆنا بەردەوام دەبم، ئامادەش نەبووم بۆ ئەو گۆڕانكارییە.

هەموو شتێك ئەوەندە خێرا بوو، ناچار بووم لە شەوێكدا ژیانم،  ماڵەكەم، خێزان و مناڵەكانم بگوازمەوە، ژوورێكی جلگۆڕینی نوێ، شێوازی یاریكردنێكی نوێ، خولێكی نوێ و شارێكی نوێ بناسم.

گۆڕانكارییەكە قورس بوو، چونكە ئێمە بە درێژایی ژیانمان لە بارسێلۆنا ژیابووین، وە بەڕاستی لەوێ چێژمان وەرگرتبوو، ئەوە گۆڕانكارییەك بوو كە ئێمە نەماندەویست و بەدوایدا نەدەگەڕاین، ئەوە هەمیشە قورسە كە تۆ چاوەڕێی شتێك نەبیت و روو بدات.

بارسێلۆنا هەمیشە بە شێوازێكی نایاب مامەڵەی لەگەڵدا دەكردم، بۆیە ژیانێكی زۆر خۆشم لەوێ بەسەربرد.

جامی جیهانی 2022؟

پاڵەوانییەتیەك بوو كە زۆر چێژم لێ وەردەگرت، هەستێكی زۆر خۆش بوو بۆ ئێمە، جگە لەو دۆڕاندنەی بەرامبەر سعودیە لە یەكەم یاریدا تووشی بووین، دەمەوێت هەموو ئەو ساتانە بپارێزم، شوێنەكە و كاتەكەی، ئەو ساتانەی نازناوەكەمان بەدەستهێنا و جامەكەمان بەرز كردەوە.

شتێك بوو كە هەرگیز لەبیر ناكرێ بۆ ئێمە، یاریزانان، راهێنەر، هاندەران، خێزانەكان و هەموو وڵات، ئەوە شتێكە هەمیشە لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە.

جوانترین گۆڵی كاروانی وەرزشیت؟

نازانم جوانترین گۆڵ لە ژیانمدا كامە بووە، چونكە من گرنگی بە لایەنی جوانی گۆڵەكان نادەم بەڵكو گرنگی بە بەها و گرنگیەكەی دەدەم.

خەونی داهاتووت؟

هیچ خەونێكی وەرزشیم نەماوە، بەخت یاوەرم بوەە و هەموو شتێكم بەدەستهێناوە، هیچ ئامانجێكم نەماوە بەدەستم نەهێنابێت.

تۆپی پێ هەمیشە لە پێشینەی من بووە، گرنگترین شتی من بووە، چونكە من زۆر حەزم لە یاری تۆپی پێیە و هەر لە منداڵی و گەنجێتیمەوە چێژم لێ وەرگرتووە.

وازهێنانت لە یاریكردن؟

بیرم لێ نەكردووەتەوە، بەڵام ئەو كاتەی كە دەزانم و هەست دەكەم كە چیتر ناتوانم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و ئیتر ناتوانم سوود بە تیمەكەم بگەیەنم، وازدەهێنم.

لەم وەرزەی خولی ئەمریكیدا لیۆنێل مێسی بەشداری لە سێ یاریدا كردووە و توانیویەتی سێ گۆڵ و گۆڵێكیش درووست بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button