ئیسپانیاگرنگترین

لاپۆرتا: هیوادارم چاڤی لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە و ئێمباپێش ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید تێکدەدات

یاریگا –

لاپۆرتا لە نوێترین دیمانەیدا دەڵێت ‘هیوادارم چاڤی لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە و لە بارسێلۆنا بەردەوام بێت’، رەتیشی دەکاتەوە بەخیلی بە ریال مەدرید ببات ئەگەر ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی.

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لەبارەی داهاتووی چاڤی هێرناندێز کە بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە واز لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بهێنێت، دەڵێت :’هیوادرام چاڤی بڕیارەکەی خۆی بگۆڕێت و وەکو راهێنەری یانەکەمان بەردەوام بێت، من فشار لەسەر چاڤی دروست ناکەم، ئەو دەزانێت من حەز دەکەم بمێنێتەوە، بەڵام بڕیارەکە لەدەست خۆیەتی و با بزانین کۆتایی ئەم وەرزە چی روودەدات’.

هەروەها دەشڵێت :’چاڤی و دیکۆ لە دووبارە بونیادنانەوەی ئەم تیپە رۆڵێکی کاریگەرییان هەبوو، من بە چاڤیم گوتووە هەموو راهێنەرێک هیوا بەوە دەخوازێت راهێنەرایەتی بارسێلۆنا بکات، بەڵام وەکو رێزێک بۆ چاڤی ئێمە ئۆفەرمان پێشکەشی هیچ راهێنەرێکی دیکە نەکردووە، لویز ئێنریکی راهێنەرێکی مەزنە و من زۆر پێی سەرسامم، بەڵام هیچ گفتوگۆیەمان لەگەڵیدا نەکردووە’.

لاپۆرتا لەبارەی دەستکەوتی ئەم وەرزەیان، دەڵێت :’ئێمە هێشتا لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ ماوین، لە چامپیۆنزلیگ یارییەکی قورسمان بەرامبەر پاریس سانجێرمان هەیە، بەڵام دەتوانین خەون ببینین و هیچ شتێک مەحاڵ نییە’.

Image

لاپۆرتا لەبارەی گرێبەستکردنی ریال مەدرید لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ دەڵێت :’بەخیلی بە ریال مەدرید نابەم ئەگەر کیلیان ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی، چونکە ئێمباپێ ژووری جلگۆڕینی یانەکە تێکدەدات و ریال مەدرید ناچار دەکات ئەستێرەیەکی دیکەی بفرۆشێت، چونکە لەگەڵ ئەستێڕەکانی دیکەی یانەکە لە هەمان شوێن یاریی دەکەن’.

هەروەها لاپۆرتا دەشڵێت :’من زۆر سەرسامم بە پاو کوبارسی، گەرچی تەمەنی تەنیا 16 ساڵە بەڵام کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە بەتایبەتی کاتێک لێدوان بۆ میدیاکان دەدات، دایک و باوکی و مامی بەردەوام لە راهێنانەکان و یارییەکانی ئامادە دەبن و خێزانەکەی زۆر پاڵپشتی دەکەن’.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button