ئیسپانیاگرنگترین

راستە سەرۆکی پزیشکانی ریاڵ بەهۆی ئاردا گولەرەوە دوورخرایەوە؟ دکتۆرەکە بێدەنگی شکاند

یاریگا –

دوای ماوەیەک لە بێدەنگی لە بارەی دوورکەوتنەوەی وەک سەرۆکی دەستەی پزیشکانی ریاڵ مەدرید و دروستبوونی دەنگۆی زۆر لەسەر ئەوەی بەهۆی پێکانەکانی ئاردو گولەرەوە دوورخراوەتەوە، نیکۆ میهیچ قسەی خۆی کرد و ڕاستییەکانی ئاشکرا کرد.

میهیچ کە بۆ ماوەی حەوت وەرز وەک لەگەڵ ریاڵ مەدرید ئەو پۆستەی پێ درابوو، لە چەند مانگی رابردوودا وازهێنانی لە پۆستەکە بوو بە جێی سەرنجی میدیا ناوخۆییەکانی ئیسپانی بەوەی نەیتوانیوە چارەسەرێکی گونجاو بۆ پێکانەکانی لاوە تورکیەکە بدۆزێتەوە، کە دوای شەش مانگ لە پەیوەندی کردنی بە شاهانەکانەوە، ئینجا توانی بۆ یەکەم جار قاچی لەسەر لاکێشەی سەو دابنێت لە ٧ی مانگی یەنایەری ئەم ساڵ.

سەبارەت بەو پرسە، پزیشکە کرواتیەکە تەمومژی بە بابەتەکەوە نەهێشت و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ڕێلیڤۆی ئیسپانی، وتی

پەیوەندیم لەگەڵ ئاردا گولەردا نایابە. زۆریشم خۆش دەوێت. ئێستایش لە پەیوەندی بەردەوامداین. لاچوونم لەو پۆستە هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە نیە. دوورکەوتنەوەم لە ریاڵ و لەو پۆستە، چەند مانگێک پێش ئەوە بووە و بە ڕێککەوتنی دوولایەنە بوو. بەڵام هەواڵەکە بە جۆرێکی زۆر نەگونجاو کەوتە میدیاکانەوە. لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکە بە گولەرەوە نەبوو.

نیکۆ کە ئێستا وەک راوێژکاری پزیشکی هەر پەیوەندیی بە ڕیاڵەوە ماوە، خۆشەویستی خۆی بۆ یانەکە دووپات کردەوە و نەیشاردەوە کە هاوشێوەی دیانمۆ زەگرەبی وڵاتەکەی هاندەرێتی

من گرێبەستم هەیە لەگەڵ ریاڵ مەدرید. زۆر خۆشحاڵیشم کە هێشتا پەیوەستم پێیانەوە. ئەو یانەیەی هەمیشە لەگەڵیاندابم، هەر ریاڵ مەدرید دەبێت هاوشان لەگەڵ دینامۆ کە ئەویش یانەیەکی ناو دڵمە.

جێی ئاماژە بۆ کردنە، لە دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی لە سەرەتاکانی مانگی یەنایەر، یاریزانە ١٩ ساڵانییەکە هیچ پێکانێکی تر بەرۆکی نەگرتووەتەوە و ناو بە ناویش لەلایەن کارلۆ ئەنچلۆتیەوە بەشداری پێ دەکرێت توانیشی یەکەم گۆڵی خۆی بە درێسی مێرەنگیەوە تۆمار بکات لە ١٠ی ئەم مانگە بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ.

بابەتی زیاتر

Back to top button