کوردستان

بەهادین بەکر: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە خولی نایابی کوردستان بە هێزی خولەکە یە

یانەی سەید سادق جیاواز لە وەرزەکانی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بە بەرزی و نزمیەکی زۆردا تێپەڕی و دۆخی یانەکە باش نیە.

هەر چەندە لەگەڵ هاتنی ڕاهێنەر ئەرسەلان جەلال یانەی سەید سادق بەرە و پێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام تا ئێستا یانەکە لە کەشێکی ئارامدا نیە، بەهادین بەکر هێرشبەر و یاریزانی بە ئەزموونی یانەی سەید سادق دەربارەی دۆخی تیپەکەی لەم وەرزە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای ڕاگەیاند: یانەی سەید سادق لە سەرەتای خولەوە تاوەکو ئێستاش بە قەیرانێکی قوڵی دارایی تێپەڕ دەبێت، سەرەتای وەرز نزیکەی 100 ڕۆژ بوو مووچەمان وەرنەگرت بوو کە ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی چەند یاریزانێک ڕیزی یانەکە جێبهێڵن، وە چەندین جاریش مەشقەکان نەدەکران بە هۆی بایکۆتی یاریزانان کە کاریگەری لە سەر ئامادەکاری تیپەکە دروستکردبوو، لە قۆناخی دووەمی خولەکە هەوڵی زۆر درا یاریزان بگوازنەوە یانەکە بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی یەوە یاریزانەکان ئامادەنەبوون پەیوەندی بە یانەی سەید سادق بکەن، ئێستاش هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە یانە و ناوی سەید سادق لە ڕیزی نایابی کوردستان بمێنێتەوە بۆ وەرزی داهاتوو.

بەهادین دەربارەی کێبڕکێی یانەکان لە وەرزی ئەمساڵ لە سەر بوون بە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان یاخود دابەزین بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان گووتی : ئەمساڵ کێبڕکێکە جیاوازە ئەوەی من دەیبینم بە هێزی خولەکە نیشان دەدات بەڵگەش بۆقسەکەم تا ئێستا چەند یانەیەک کێبڕکێی بە دەستهێنانی نازناو دەکەن و چەندین یانەش کێبڕکێی مانەوە دەکەن لە خولەکە خاڵیان لە یەکترەوە نزیکە.

یانەی سەید سادق ئێستا لە ڕیزبەندی دوازدەمی خولی نایابی کوردستان دێت بە 12 خاڵ و مەترسی دابەزینی لە سەرە بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

Back to top button