ئەفریقاجامی ئەفریقا 2023گرنگترین

کامێرۆن بە جارێک 62 یاریزانی سڕکرد

یاریگا –

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامێرۆن، بەهۆی ساختەکاری، بە جارێک 62 یاریزانی سڕکرد.

ماڵپەڕی ئاتڵێتیک بڵاویکردووەتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن بەهۆی ساختەکاری لە ناسنامەکانیان 62 یاریزانی خولی ناوخۆیی وڵاتەکەی سڕکرد، کە لەناویان یاریزانێکی بەشدار لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای رابردووش سڕکراوە.

فیکافۆت لیستی ناوی یاریزانانی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی پلەی ئۆفی خولی پلە یەکەکانی کامیرون بڵاوکردووەتەوە، فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 62 یاریزان لە خولەکە بێبەش دەبن، کە 52 یاریزانیان بە تۆمەتی هەبوونی دوو ناسنامە سڕکراون.

ئەوەی زیاتر جێگای سەرنجە، ولفرێد دوالای یاریزانی ڤیکتۆریا یونایتد ناوی لە لیستی یاریزانە سڕکراوەکاندایە، کە ناوبراو لەگەڵ هەڵبژاردەی کامێرۆن بەشداری جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2023ـی کردبوو.

دوالا لە پاڵەوانێتییەکە بە ناوی تەمەن 17 ساڵان تۆمارکراوە، لاوترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش بوو، بەڵام بەپێی تۆمەتەکان پێشتر لە خولی کامێرون بە ناوی ئەلێکساندەر باردێلی یاری کردووە و تەمەنی بەلای کەم بە 23 ساڵ لە قەڵەمدراوە.

لەلایەکی دیکە یانەی ڤیکتۆریا یونایتد سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، پێیوایە فیدراسیۆنی کامیرۆن بەهەڵە دوو یاریزانی ئەوانی سڕکردووە و هیچ یاریزانێکیان دوو ناسنامەی نییە.

Back to top button