ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

پاریس سانجێرمان بە ناڕاستەوخۆ 200 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی یاریزانێکی بارسێلۆنا کردووە

یانە پاریسییەکە دەیەوێت بە زووترین کات شوێنگرەوەی ئێمباپێ دەستنیشان بکات

یاریگا –

پاریس سانجێرمان دەیەوێت بەزووترین کات شوێنگرەوەیەک بۆ کیلیان ئێمباپێ بدۆزێتەوە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، نزیکبوونەوەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید، وای لە ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس کردووە، هەموو هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی باشترین جێگرەوەی کیلیان بدات.

لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە، پاریس سەرنجی تەواوی لەسەر لامین یامال، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا داناوە. یانە پاریسییەکە ئامادەیە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ لە پێناو گواستنەوەی یامال خەرج بکات.

پاریس خۆی خاوەنی ریکۆردی گرانترین گواستنەوەیە، کاتێک نێیمار دا سیلڤای لە بارسێلۆنا گواستەوە و ئەوکاتە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێیمار لە بارسا 222 ملیۆن یۆرۆ بوو.

رۆژنامەکەی مەدرید روونیکردووەتەوە، خۆرخێ مێندێس، بەڕێوەبەری کارەکانی یامال هەفتەی پێشوو بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی یامال، لە بارسێلۆنا لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە کۆبووەوە.

مێندێس لە کۆبوونەوەکەدا بە لاپۆرتای راگەیاندووە، پاریس سانجێرمان گرنگی بە یامال داوە و ئامادەیە پارەی داواکراو بۆ گواستنەوەی خەرج بکات. هەرچەندە ئۆفەرەکە فەرمی نییە، بەڵام بارسێلۆنا ئامادەنییە دەستبەرداری یامال ببێت.

سەرەڕای قووڵی کێشەکانی دارایی بارسێلۆنا، بەڵام لاپۆرتا نایەوێت رێگە بەچوونە دەرەوەی یامال بدات، هەرچەندە 200 ملیۆن یۆرۆ بەشی زۆری کێشەکانی بارسا چارەسەر دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button