ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید دەستبەرداری ئێرلینگ هالاند نەبووە

هالاند دەرگای دانەخستووە

یاریگا –

ریال مەدرید دەستبەرداری ئێرلینگ هالاند نەبووە.

رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای نزیکبوونەوە لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ریال مەدرید هێشتا دەستبەرداری گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند نەبووە و ئەو خەونەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.

لە هاوینی ساڵی 2024 یاریزانەکە ئازاد دەبێت لە بڕیاردان بە مانەوە یان جێهێشتنی مانچێستەر، ئەویش بەهۆی کارابوونی مەرجێکی گرێبەستەکەی.

کارابوونی ئەو مەرجەی گرێبەستەکە هیوایەکی زۆری بە ریال مەدرید بەخشیووە تا لە ساڵی 2024 خەونێکی دیکەی گەورەکەی بەدیبهێنێت، بەپێ ئەو مەرجە یاریزانەکە دەتوانێت بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەیەکی دەرەوەی پرێمەرلیگ بکات.

بەڵام گرفتی ریال مەدرید ئەوەیە چۆن بتوانێت پارەی ئێمباپێ و هالاند بەیەکەوە دابین بکات، رەنگە یانەکە وەک چارەسەر سەیری سانتیاگۆی نوێ بکات، کە ساڵانە 150 ملیۆن یۆرۆ داهات بۆ یانەکە زیاد بکات.

مێرێنگی ئامادە نییە لەڕووی دارایی زیاتر لە بێڵینگهام پارە بە ئێمباپێ بدات، بەو پێیە مووچەی ساڵانەی یاریزانەکە دەگاتە 30 ملیۆن یۆرۆ، کە دوای باج دەگاتە 15 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەمەش نیەوەی مووچەکەی ئێستایەتی لە پاریس. بەڵام هاوتای مووچەی ئێستای هالاندە لە سیتی.

گرفتێکی دیکەی هالاند ئەوەیە داهاتی مافی وێنەکانی بە رێژەی ٪100 دەوێت، ئەو داواکارییە لە ریال مەدرید حەرامە، هەر لە سەردەمی گالاکتیکۆسەوە تانانەت یاریزانێکی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆش ٪50 مافی وێنەکانی پێدراوە.

هالاند لەگەڵ مانچێستەر سیتی

پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە ریال مەدرید گورزێکی کوشندەبوو بۆ هالاند، چوونکە یاریزانەکە پلانی وابووە، دوای بەسەربردنی سێ وەرز لە پرێمەرلیگ، لە هاوینی 2025 پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.

بەڵام لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوو ئەو بڕگەیە لە گرێبەستی نێوان هالاند و مان سیتی کارا دەبێت، کە رێگە بە یاریزانەکە دەدات بە پارەیەکی کەمتر پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکە بکا.

هالاندیش تا ئێستا خەونەکەی بە زیندووی هێشتووەتەوە و پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید رەتنەکردووەتەوە، لەدوای یاری یانەکەی بەرامبەر کۆپنهاگن لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بە ڕوونی ئەوەی درکاند.

ریال مەدرید؟ دەزانم ئەم قسەیەم دەبێتە سەردێری رۆژنامەکان، بەڵام نازانین لە داهاتوو چی روودەدات، هەمووشتێک ئەگەری روودانی هەیە.

ئەستێرە نەرویجییەکە لە هاوینی 2022 بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییەوە گواسترایەوە بۆ مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لە یەکەم وەرزیدا بە درێسی بلوو موون لە 53 یاریدا 52 گۆڵی کرد. هەر سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و جامی یەکێتی ئینگڵتەڕایشی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button