عێراقگرنگترین

راهێنەری هەولێر و دهۆک رەخنە لە خشتەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگرن

یاریگا –

دوای یاریی کلاسیکۆی کوردستان، راهێنەرانی هەولێر و دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەیان رەخنەیان لە خشتەی یارییەکانی خولەکە گرت، کە لە گەڕی نۆزدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەردوولا 1-1 یەکسان بوون.

حەیدەر عەبدولئەمیر، راهێنەری هەولێر دوای یارییەکەیان گوتی :’بەداخەوە سەرجەم یانەکان بەهۆی قەرەباڵخی خشتەی یارییەکان دەناڵێنن، ئێمە بەهۆی زۆری گەشتەکانمان چەندان یاریزانمان لەدەست داوە، بەداخەوە محەمەد قاسم بەهۆی پێکانەوە لێمان دابڕاوە، بەڵام لەپێناوی سەرکەوتنی خولەکە پێویستە هەموومان هاوکاربین’.

ئاکام هاشم ناوەڕاستکاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لەبارەی یارییەکە گوتی :’ئێمە باشتر بووین و شایستەی ئەوە بووین بردنەوە بەدەست بهێنین، بەداخەوە خاڵێک بۆ ئێمە کەم بوو، بەڵام لە یارییەکە بەخت یاوەرمان نەبوو’.

ئەحمەد خەلەف، راهێنەری دهۆکیش رەخنەی توندی لە خشتەی یارییەکان گرت و گوتی :’وەکو ئەوەی بۆ ئیسپانییەکان دایاننابێت، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق خشتەی یارییەکان دادەنرێن، ئێمە هەر سێ رۆژ جارێک یارییەک دەکەین ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی هونەری یارییەکان و پێکانی یاریزانەکان هەیە، سێ رۆژ پێش ئێستا لە زاخۆ بووین، پێشتر چووبەینە عەمارە و بەسرە، ئێمە دوو هەفتەیە بە تەواوەتی تیپەکەمان شەکەت و ماندوو بووە، هیچ یاریزانێک نەماوە لەم چوار یارییەی دوایی یاریی نەکردبێت، بەهۆی گەشتە دوور و درێژەکان و یارییەکان هەریەکە لە عیماد لواتی و زیاد ئەحمەد و سیابەند عەگید تووشی پێکان بوون’.

هەروەها راهێنەرەکەی دهۆک گوتیشی :’ئێمە لە ئەنجامی یارییەکە رازین، چونکە بە بەدەستهێنانی خاڵێک پلەی چوارەممان لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر کرد، ئەمەش ئەنجامێکی باشە بۆ ئێمە’.

هەولێر و دهۆک لە گەڕی نۆزدەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری 1-1 یەکسانبوون، کە بەهۆی پێکانەوە چەندان یاریزان لە یارییەکە بێبەش بوون و لەناو یارییەکەش هەریەکە لە رەوا یوسف و رۆبن ئاکوا تووشی پێکان بوون و یارییەکەیان تەواو نەکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button