چامپیۆنزلیگ

تۆنی کروس رەخنە لە تاکتیکەکانی ئانچێلۆتی دەگرێت

یاریگا –

تۆنی کرۆس، ئەستیرەی ناوەڕاستکاری ریال مەدرید، پێی وایە نەبوونی هێرشبەری پێویست بە تایبەت لە نیوەی یەکەمی یارییەکەی بەرامبەر لایپزیگ گرفتی سەرەکی یانەکەی بووە.

زۆر کەس کاتێک پێکهاتەی ریالی بۆ یارییەکەی بەرامبەر لایپزیگ بینی، تووشی شۆک بوون. کارلۆ بە سیستمی 1-5-4 تیپەکەی ناردە یاریگا، تەنها ڤینیسیۆس لە هێڵی هێرشبردن بوو و بێلینگهام لە پشتیەوە یاری دەکرد.

هەرکاتێک ئانچێلۆتی داهێنان دەکات، بەزۆری شتەکان بۆ ریال بە باشی ناڕۆات و سیستەمە نوێیەکانی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە. ریال لە گێمی یەکەمدا هیچ ئاستێکی بەرچاوی پێشکەش نەکرد و سەرەڕای ئەوەی رۆدریگۆ لە گێمی دووەمدا هاتە نێو یاریگا، هێشتا گۆڕانکاری لە رەوتی یارییەکەدا نەکرا و لایپزیگ ئاستی باشتری پێشکەش کرد.

لەدوای یارییەکە، تۆنی کرۆس لە چاوپیکەوتنێکدا گوتی:

لایپزیگ هەلی گۆڵکردنی زیاتری هەبوو. ئەوان زۆر بە باشی رێکخرابوون و بەرگرییەکی باشیان هەبوو، چەندین جار رێگریان لە هێرشەکانمان کرد. لایپزیگ دەیزانی چۆن یاری بکات و ئێمەش دەمانزانی کە بەرامبەر رکابەرێکی مەترسیدار یاری دەکەین. لە هەندێک خاڵدا تۆپەکەمان بە باشی تێپەڕاند، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە کەسمان لە هێڵی هێرشبردندا نەبوو، ئەوەش کێشەی سەرەکی ئێمە بوو.

کرۆس لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

ئەنجامی کۆتایی لە بەرژەوەندی ئێمە بوو، بەڵام رەوتی یارییەکە بەشێوەیەکیتر بوو. لە نێوان دوو گێمەکەدا یاریزانەکان بە شێوازی یاریکردنمان رازی نەبووین. گێمی دووەم کەمێک باشتر بوو، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین شایەنی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بووین. یارییەکی باشمان نەکرد، بەڵام سەرکوەتنمان هەموو شتێک گرنگتر بوو، ئەم ئامانجەشمان بەدەستهێنا.

یاریی گەڕانەوەی ریال و لایپزیگ لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ دوینێ شەو لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوە چوو و ئەنجامی یاریەکەش 1-1 بوو و ریال بە جیاوازی گۆلێک توانی بۆ قۆناخی ‌هەشتی پالەوانەتییەکە سەر بکەوێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button