ئینگلتەراگرنگترین

باکاری سانیا: لەگەڵ گەیشتنی گواردیۆلا بە مان سیتی، ئەم شتەی لێ قەدەخە کردین!

یاریگا –

باکاری سانیا، بەرگریکاری پێشووتری مان سیتی باس لەو ڕێسا و ڕێکارە توندانە دەکات پیپ گواردیۆلا ڕەچاوی دەکات لەگەڵ یاریزانەکانیدا.

سانیا کە ٢٠١٤-٢٠١٧ درێسی مانچێستەری پۆشی، وەرزێک لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیسپانیەکەدا بوو پێش ئەوەی روو بکاتە خولی ئیتاڵی بۆ ریزەکانی بێنێڤێنتۆ. ناوبراو بەم شێوە باس لە ڕێساکانی گواردیۆلا دەکات

بۆ من، گواردیۆلا لێڤەگەڕە وەک راهێنەر. چونکە دەبێت زۆر پابەند بیت. لای ئەو، پێویستە تێبگەیت پابەندبوون تەنها لەنێو یاریگادا نییە، بەڵکو لە تەواوی ژیانی رۆژانەت خۆت بگونجێنیت. لای ئەو، پابەندبوون بریتیە لەوەی تەواوی هەفتەکە چ ماددەیەکی خۆراکیی دەخۆیت. نموونەیەکت بدەمێ، ئەهەر کیلۆیەک لە کێشی خۆت زیاد بکەیت، لە پێکهاتەکەی دەرت دەکات.

یاریزانەکەی پێشووتری ئارسیناڵ و سیتی زیاتر لەبارەی گواردیۆلا و ڕێککارییەکانی دەدوێت و دەڵێت لەژێر دەستی گواردیۆلا هەستت دەکرد منداڵێکیت و ئەو قەدەخەکراوە باس دەکات کە راهێنەرەکە لێی گرتبوونەوە لە ژووری خۆگۆڕین

هاتە مان سیتی و ئەوە بوو وایفای لە ژووری جلگۆڕین نەهێشت و بڕی. بۆیە وا هەست دەکەیت منداڵیت. سەرەتا ئەوە بێزارکەر بوو، چونکە بە خۆت دەڵێیت خۆ من منداڵ نیم و پێویست ناکات بەم هەموو ڕێسایەدا بڕۆم. بەڵام دواتر تێدەگەیت چۆن بوو وەرزە ڕابردوو سیانە نازناوی گەورەیان بردەوە. چونکە هەر هەموویان جۆرێک ڕێککاریی کرابوون و هەموویان ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی دروستیان هەبوو، ئەگەریش ئەقڵیەتی دروستت نەبێت، ئەوا کۆتاییت پێ هاتووە.

رەنگە دەستکەوتەکانی گواردیۆلا باشترین بەڵگە بن بۆ قسەکانی سانیا، بەوەی پیپ توانیویەتی بە سەرجەم نازناوە گەورەکان بگات لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا. لە نێویاندا سیانە نازناوی وەرزی پار کە سیتی هەرگیز پێی نەگەشتبوو پێش هاتنی فەیلەسوفە ئیسپانییەکە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button