ئه‌وروپاگرنگترین

زیدان تەنیا وەرگرتنی یەكێك لەو سێ پۆستە قبوڵ دەكات

یاریگا –

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان ئاشكرایانكرد، زینەدین زیدانی فەڕەنسی و راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تەنیا ئامادەیە پۆستی راهێنەرایەتیكردنی سێ شوێن وەربگرێت.

زیدان لە ساڵی 2021 وازهێنانی خۆی لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیكردنی ریال مەدرید راگەیاند و لەو كاتەوە پۆستی ڕاهێنەرایەتیكردنی هیچ یانەیەكی دیكەی وەرنەگرتووە.

زیزۆ لەگەڵ ریال مەدرید سەركەوتوو بوو بە جۆرێك توانی سێ چامپیۆنزلیگی لەسەر یەك بۆ یانە شاهانەكە بەدەست بهێنێت.

لە ماوەی رابردوودا زۆربەی سەرچاوەكان باسیان لەوە دەكرد، زیدان خەونی گەورەی سێر جیم راتكلیفە و دەیەوێت وەك راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد دیاری بكات، بەڵام هەر زوو راهێنەرەكە ئەوەی رەتكردووەتەوە.

تۆماس گرافسن، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیل گوتی:

دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ زیدان قسمەكرد و پێی گوتم تەنیا سێ پۆست هەیە كە حەز دەكات راهێنەرایەتیكردنیان  قبوڵ بكات.

ئەوانیش راهێنەرایەتیكردنی مارسێلیا، هەڵبژاردەی فەڕەنسا و ریال مەدریدە، دوو ساڵ پێش ئێستا لە مەدرید بووین و بە تەواوی پێی گوتم.

پرسیارم لێكرد كە ئایا ئامادەیە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ راهێنەرایەتیكردن، و لە وەڵامدا گوتی:

تەنیا بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتیكردنی ئەو سێ شوێنە ئەگەری هەیە.

زیدان وەك راهێنەر لەگەڵ ریال مەدرید توانیویەتی نازناوەكانی ( 3 چامپیۆنزلیگ، 2 جامی جیهانی یانەكان، 2 لالیگا، 2 سوپەری ئەوروپا، 2 جامی شا) بباتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button