ئیسپانیا

پیکی: گواردیۆلا بە هۆکارێک زۆر خراپ سزای دام!

یاریگا –

جێرارد پیکی بە زاری خۆی ددان بەو چیرۆکەدا دەنێت پیپ گواردیۆلا سزای داوە سەروەختی پێکەوەبوونیان لەسەردەمی بارسێلۆنا.

ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە کە درەوشاوەترین سەردەمی خۆی بینی لە ژێر دەستی گواردیۆلا لە ٢٠٠٨-٢٠١٢ ئەو کاتەی را‌هێنەرەکەیان بارسێلۆنای بەرەو بایەرن میونخ جێ هێشت، ئەو سەرگوزەشتە دەگێڕێتەوە کە بەهۆی لەبەرکردنی تیشێرتێکەوە کە رەنگ بووە تەندروستی بخاتە مەترسیەوە، پیپ زۆر بە خراپی سزای داوە.

لە چاوپێکەوتنە نوێیەکەیدا پیکی ئەو بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە و دەڵێت

جارێکیان لە بارسێلۆنا کەشوهەوا زۆر سارد بوو. منیش قۆڵ کورتم لەبەر کردبوو. وێنەیەکی من لەناو بەفر و بە نیوقۆڵەوە بڵاو بوو بووەوە. پیپ ئەوەی بینی بوو. بۆیە سەرزەنشتی کردم، سزای دام، بۆ یاریی دوای ئەوەیش بانگهێشتی نەکردم. ئەوانە و تێچووی ژەمێکی هەمووی تیمەکەی خستە ئەستۆی من، بەوپێیەی تەندروستی خۆمم خستبووە مەترسیەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەواڵەکەی بڵاو کردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە لەوە بەدواوە چیتر پیکی لە دۆخێکی وادا قۆڵ کورتی لەبەر نەکردووە، بەڵکو داپۆشراوی لا پەسەند بووە.

لەبارەی پەیوەندی نێوانیانیشیانەوە، بەرگریکاری پێشووی بلاوگرانا باس لە پەیوەندییەکی باش دەکات لەنێوان خۆی و گواردیۆلا و دەڵێت

لە دوبەی یەکترمان بینی. چووین قاوەیەکیشمان پێکەوە خواردەوە. من هەمیشە پەیوەندیەکی زۆر نزیکم لەگەڵ پیپدا هەبووە. لە پەیوەندیدا هەڵکشان و داکشان هەر هەیە. سێ ساڵی یەکەم نوێنێکی گوڵڕێژ بوو، بەڵام کۆتا ساڵ سەخت بوو. من دڵنیام ئەوەش هەر هەڵەی من بوو. ئەو ساڵە بۆ من هەر لەسەر ئاستی کەسیی، ساڵێکی ئاڵۆز بوو. من هەمیشە سوپاسگوزاری ئەوم، پەیوەندیشم لەگەڵیدا زۆر باشە.

نۆڤەرمبەری ٢٠٢٢ پیکی بە یەکجاری و هەر لە بارسێلۆنا وازهێنای لە تۆپی پێ ڕاگەیاند دوای بەدەستهێنانی سەرجەم نازناوە گرنگەکان لەسەر ئاستی هەڵبژاردە و یانەیش.

بابەتی زیاتر

Back to top button