ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید و دەیڤز گەیشتنە رێککەوتن

یاریگا –

ریال مەدرید لەگەڵ ئالفۆنسۆ دەیڤزی کانەدی گەیشتە رێککەوتن.

رۆژنامەنووس ماریۆ کۆرتیگانا لە ماڵپەڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەگەڵ ئالفۆنسۆ دەیڤزی بەرگریکاری بایرن میونشن گەیشتووەتە رێککەوتنی زارەکی تا یاریزانەکە لە هاوینی 2024 یان 2025 پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەکە بکات.

مێرێنگی بە سەرۆکایەتی جونی کالافات سەرۆکی یاریزان دۆزەرەوەکان و خۆسێ ئەنخێل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتی، بە دەیڤزیان راگەیاندووە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێ نەکاتەوە کە لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئاتڵێتیک، لە چەند هەفتەی رابردوو چەند کۆبوونەوەیەکی جیاواز لە نێوان هەردوو لا کراوە، کۆبوونەوەیەکیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەشاری مەدرید بووە. ئەمەش وەیکردووە پرۆسەکە خێراتر ببێت.

ریال مەدرید دوو بژاردەی لە بەردەستدایە، بژاردەی یەکەم گواستنەوەی یاریزانەکەیە لە هاوینی 2024 بە نرخێکی کەمتر هاوشێوەی گواستنەوەی تۆنی کرووس.

بژاردەی دووەمیش گواستنەوەی یاریزانەکەی لە هاوینی 2025 بە گرێبەستێکی ئازاد، هاوشێوەی گواستنەوەی دەیڤد ئەلابا لە هەمان یانەوە.

ماریۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا و یانەکانی ئینگڵتەڕاش چاویان لەسەر یاریزانەکە بووە، بەڵام دەیڤز تەنیا ریال مەدریدی دەوێت.

هاوکات هێشتا ریال مەدرید لەگەڵ بایرن میونشن رێککەوتنی نەکردووە، باڤارییەکان هەوڵدەدەن گرێبەستەکەی دەیڤز نوێ بکەنەوە، بەڵام نایەنەوێت بەخۆڕایی لەدەستی بدەن، ئەگەر نەتوانن گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە، ئەوا لە هاوینی داهاتوو دەستبەرداری دەبن.

بەپێی هەمان سەرچاوە، گواستنەوەی کیلیان ئێمباپی لە هاوینی داهاتوو لە پێشینەی کارەکانی ریال مەدرید، بەڵام یاریزانە فەڕەنسییەکە هیچ کاریگەری نابێت لەسەر گواستنەوەی دەیڤز و دەکرێت هەردوو گواستنەوەکە بەیەکەوە رووبدەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button