ئینگلتەرا

پۆچێتینۆ گەیشتە 388 یاری لە ئینگلتەرا و نەگەیشت بە نازناوێک

یاریگا –

ماوریسۆ پۆچێتینۆ هێشتا بە هیوای بردنەوەی نازناوێکە لە ئەزموونی کاری ڕاهێنەرایەتی خۆی لە ئینگلتەرا و، ئەمشەویش ئەو خەونەی بوو بە سەراب لە یاریگای وێمبڵی شاری لەندەن لەسەر دەستی لیڤەرپوڵ کە بە تاکە گۆڵێکی ڤیرجل ڤان دایک لە خولەکی ١١٨ شکستێکی تاڵی دووچاری ڕاهێنەرە ئەرجەنتینیەکە کرد.

پۆچێتینۆ پاش سێ ساڵ کار کردن لەگەڵ ئیسپانیۆلی ئیسپانی، ئەزموونەکەی خۆی گواستەوە بۆ ئینگلتەرا لە ڕێی یانەی ساوسهامپتنەوە. تا ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەو یانەیە مایەوە پێش ئەوەی ڕوو بکاتە تۆتنهام هۆتسپێرس.

ئەو راهێنەرە ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ ئەو یانەیە کە تا ٢٠١٨ی خایاند پێش ئەوەی روو بکاتە پاریس سان جێرمان، دوو جار گەیشتە یارییە کۆتاییەکان. جاری یەکەمیان جامی کاراباو لە وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ و، جاری دووەمیش لە چامپیۆنزلیگی ٢٠١٨-٢٠١٩. هەردوو نازناوەکەیش لە دەست دا

دوای گواستنەوەی کارەکەی بۆ فەرەنسا لە ٢٠٢١-٢٠٢٢و ماوریسۆ گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا و ئەم جارە لە ڕێگەی چێڵسیەوە.

ماوریسۆ کاتێک ئەم ئەرکەی وەرگرت، بلووز لە خراپترین دۆخی خۆیدا بوو. ئێستایشی لەگەڵ بێت شینپۆشەکانی لەندەن ئاستیان نەگەڕاوەتەوە. لە پریمەرلیگ هیچ هیوایەکیان نیە بۆ نازناوەکە بەوپێیەی لە پلەی ١١ دێن. ئەوەی وەک هیوایەک بۆ ئەو راهێنەرە ماوەتەوە کە پێش دوورخستنەوەی بەدەستی بهێنێت لە ئینگلتەرا، جامی یەکێتی ئینگلیزە و ئەم چوارشەممەیە بەرامبەر لیدز یونایتد یارییان هەیە.

بە تێکڕا لەگەڵ ساوسهامپتن، تۆتنهام و چێڵسی ئەنجامی داوە ناوبراو 388 یاریی ئەنجام داوە و چانس یاوەری نەبووە لە گەیشتنی بە نازناوێک.

بابەتی زیاتر

Back to top button