بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراق

ئامار و مووچەکانیان؛ هێرشبەرە نوێیەکانی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەدرەوشێنەوە

یاریگا –

هێرشبەرە نوێیەکانی یانەکانی کوردستان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دوای تێپەڕبوونی چوار گەڕ لەدوای داخرانی دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان دەدرەوشێنەوە، هێرشبەرە نوێیەکانی هەولێر، زاخۆ، دهۆک و نەورۆز بە گۆڵەکانیان یارمەتی یانەکانیان داوە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لە راپۆرتێکی تایبەتی بنکۆڵکاریدا بەدواداچوونی بۆ مووچە و ئامارەکانی چورا هێرشبەرە نوێیەکەی یانەکانی کوردستان کردووە.

محەمەد قاسم (هەولێر)

محەمد قاسم گەرچی لە سەرەتای وەرزەوە پەیوەندی بە یانەی هەولیر کردبوو، بەڵام بەهۆی پێنەدرانی دەرفەتی یاریکردن وەکو هێرشبەری نوێی یانەکەی لێهاتووە، کە لەدوای دەستبەکاربوونی حەیدەر عەبدولئەمیر خۆری هەڵاتووە، لە سێ یاریی یانەکەی قەڵاومنارە سەرەکی بووە و 216 خولەک یاریی کردووە، چوار گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە، ئەو هێرشبەرە لاوە بووە یەکەم یاریزانی هەولێر دوای نزیکەی 10 ساڵ هاتریک بۆ یانەکە بکات، لە یاریی بەرامبەر یانەکەی پێشووی خۆی هاتریکێکی لەدژی کەربەلا کرد.

محەمەد قاسم بە مووچەی مانگانەی پێنج ملیۆن دینار (سێ هەزار و 300 دۆلار) گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆ کردووە.

فڕانک سێدریک (زاخۆ)

فڕانک سێدریک هێرشبەری کامیرۆنی کە وەرزی رابردوو لە یانەی زاخۆ یاریی دەکرد و هاوینی رابردوو یانەکەی بەجێهێشتبوو، لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان گەڕایەوە ریزەکانی زاخۆ، لە چوار یاریی رابردوو سێدریک 266 خولەک یاریی کردووە کە لە سێ یاریی سەرەکی بووە و لە یارییەکیش وەکو یاریزانی یەدەک بەشداریی کردووە، هێرشبەرە کامیرۆنییەکە سێ گۆڵی بۆ کوڕانی خابوور کردووە.

سێدریک بە مووچەی مانگانەی حەفت هەزار دۆلار (70 وەرەقە) پەیوەندی بە ریزەکانی زاخۆ کردووە.

ئامارەکانی هێرشبەرە نوێیەکانی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق
ئامارەکانی هێرشبەرە نوێیەکانی یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق

عیماد لواتی (دهۆک)

لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، عیماد لواتی هێرشبەری توونسی یەکێک بوو لەو سێ یاریزانەی لە یانەی دالکوردەوە پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆک کرد، لواتی لە چوار یاریی یانەکەی لە دوو یاریی سەرەکی بووە و بە گشتی 222 خولەک یاریی کردووە، هێرشبەرە تونسییەکە لەو دوو یارییەی سەرەکی بووە دوو گۆڵی بۆ هەڵۆیەکانی چیا کردووە و خەریکە گرێکوێرەی گۆڵنەکردنی دهۆک دەکاتەوە و تیماری دەردی یانەکە دەکات.

هێرشبەرە توونسییەکە بە مووچەی مانگانەی نزیکەی شەش هەزار دۆلار (60 وەرەقە) پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی دهۆکەوە کردووە.

کلاودیۆ یۆلیڤێرا (نەورۆز)

لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، نەورۆز جارێکی دیکە کلاودیۆ ئۆلیڤیێرا هێرشبەری بەڕازیلی لە خولی ئیماراتییەوە گەڕاندەوە یانەکەی، ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە لەو سێ یارییەی لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامی داون 251 خولەک یاریی کردووە و دوو گۆڵی کردووە، ئۆلیڤیێرا لە سێ یاریی سەرەکی بووە و لە یارییەکەی تەڵەبە بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یارییەکەی هەولێر بەڕوویدا بەرزکرایەوە بەشداریی نەکرد.

ماڕادۆنا بە مووچەی مانگانەی چوار هەزار و 500 دۆلار (45 وەرەقە) گەڕاوەتەوە ریزەکانی یانەکەی سلێمانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button